وەزارەتی دارایی ئاشكرای دەکات، ئەمڕۆ بابەتی ناردنی پارەی کورتهێنانی مووچە و لیستی مووچە یەکلایی دەبێتەوە، دەشڵێت: “لەو 243 ملیارەی بەغدا بڕیویەتی، لێکتێگەیشتن کراوە 180 ملیاری خەرج بکرێت و بڕەکەی دیکەش ئەمڕۆ یەکلایی دەبێتەوە.”
پەرلەمانترێکیش گوتی: “پارەی تەواوکاری مووچەی مانگی هەشت دەنێردرێت و دوای ئەویش مووچەی مانگی نۆش دەنێردرێ.”
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: ”پێش ئەوەی دوێنی شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی بچێتە بەغدا، لەسەر داوای دارایی عێراق ئەو کەموکوڕیانەی لە لیستی مووچەی مانگەکانی (دوو و سێ و چوار و پێنج و شەش) هەبوون، هەمووی چاک کران و لەگەڵ لیستی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ دراوەتە ژمێرکاریی دارایی عێراق.”
ئاماژەی بەوەش دا، دوێنێ شاندەکەی ژمێرکاریی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کۆبوونەوەی هەبووە، گوتیشی: “لە کۆبوونەوەکە لێکتێگەیشتنی باش هەبووە، بەجۆرێک لە جۆرەکان لەسەر ئەو 243 ملیار دینارەی بڕیویانە بڕی 180ملیار دینار پەیوەندی بە نەبوونی بایۆمەتری و ناوی لێکچوو و بایۆمەتریی دووبارەوەیە، بۆ ئەوە بەڵگەکان پێشکەش کراون و تاوەکوو ڕادەیەکی باش ئەو 180 ملیار دیناره دەگەڕێندرێتەوه.”
زیاتر گوتیشی: “63 ملیاریش لەو بڕدراوە، کە پەیوەندری بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.”
سەرچاوەکە گوتیشی: “ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی دیکە دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لەو بڕەی کورتهێنانی مووچەی مانگی هەشت، کە بڕیویانە، خەرج بکرێت.” جەختیشی کردەوە، ئەمڕۆ پارەکە خەرج بکرێت، لیستی مووچەش ڕادەگەیەندرێت.
شوان بەرزنجی