مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، لە وتارێکدا سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دژی ئابووریی وڵاتەکەی بە ستەمکارانە ناو برد و داوای چاکسازیی لە سیستەمی ئابووریی جیهاندا کرد.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، ئێران گەورەترین وڵاتی هەناردەکەری تیرۆریزمە و ئەگەر دەیەوێت بەشێک لە سیستمی نێودەوڵەتی بێت، پێویستە ڕێزی لێ بگرێت و پێیەوە پابەند بێت.
لە کاتێکدا بەهۆی ناڕوونیی بەرنامەی ئەتۆمێی ئێرانەوە ئەم وڵاتە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە توندترین سزای ئابووریی خراوەتە سەر و تووشی هەڵاوسانی خەیاڵی بووە، هەروەها بەهۆی قبووڵنەکردنی مەرجەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ”ئێف ئەی تی ئێف” بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی گرووپە تیرۆریستەکان، پەیوەندیی ئابووریی ئێران لەگەڵ جیهان زۆر دابەزیوە.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم گوتاریدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دژی وڵاتەکەی بە ستەمکارانە ناو برد و داوای ڕیفۆرمی لە سیستەمی ئابووریی جیهاندا کرد.
پزیشکیان گوتی: ئێمە داوای ڕیفۆرمی خێرا لە پێکهاتەی فەرمانڕەوایی و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکەین بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی وڵاتانی لە باری پەرەسەندندا دەتوانن لە بڕیاردان و دانانی نۆرمەکان و پێکهێنانی پێکهاتەیەکی دادپەروەرانە و وەڵامدەر بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی ئەم وڵاتانەدا بەشدار دەبن.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاردانەوەیدا بەرانبەر ئەو گوتانەی پزیشکیان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئێران لە ساڵی ١٩٧٩-وە گەورەترین هەناردەکەری تیرۆریزمە لە هەموو جیهاندا.
پاتێل گوتیشی، بەلای ئێمەوە نادادپەروەری ئەو ڕەفتارەیە کە حکوومەتی ئێران لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەی دەکات و هاووڵاتیانی بەهۆی داواکارییە سەرەتاییەکانیانەوە سەرکوت دەکات.
پاتێل جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئێران دەیەوێت بەشێک لە سیستمی نێودەوڵەتی بێت، پێویستە ڕێزی لێ بگرێت و پێیەوە پابەند بێت.