لە چوارچێوەی هەماهەنگی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەی کۆماری میللی چین لە هەولێر، تیمێکی وەزارەت بەشدارییان لە خولێکی راهێنانی دوو هەفتەیی لە چین کرد. کە رۆژی 18ـی ئەیلول تا 2ـی تشرینی یەکەمی 2024ی خایاند.
خولەکە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی کارامەییەکانی پەیوەندی و بازرگانی دەرەوەی سنوور و ئۆنلاین، بە مەبەستی پێشخستنی توانای لاوان و پەرەپێدانی بەهرەکانیان لە بوارەکانی بازرگانی و دۆزینەوەی هەلی کار و لە ژێر ناوی “کەمکردنەوەی هەژاری و بازرگانیی ئەلیکترۆنیی دەرەوەی سنوور و توانای گەشەپێدانی بەردەوام بۆ گەشەپێدانی گەنجان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا” بەڕێوەچوو.
هەروەها ئامانجێکی دیکەی خولەکە ئاشنابوونی لاوانە بە کولتوور و فەرهەنگی دێرینی گەلی چین و ئەو پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەی لە بواری پەیوەندییەکان و گەیاندن پێی گەیشتوون.
خولەکە لەلایەن ئەکادیمیای (AIBO) سەر بە وەزارەتی بازرگانی چین بە سەرپەرشتی ژو جین، جگێری بەڕێوبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی چین رێکخرابوو.
لە خولەکەدا وێڕای پێشکەشکردنی چەندین بابەتی پەیوەست بە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان و پەرەپێدانی پەیوەندی کولتووری و پەرەپێدانی کارامەیی لاوان لە بەگەڕخستنی توانایان بۆ دروستکردنی پەیوەندی، چەندین گەشتی مەیدانی بۆ دامەزراوە ئابووری و بازرگانی و تەکنۆلۆژییەکانی چین لە شارەکانی هانگژۆی ویلایەتی ژێجیانگ و شەنگهای و یووی رێکخرا.
جگە لە بەشداربووانی هەرێمی کوردستان لە چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی و باشووری ئاسیا و ئەفریقاوە گەنجان بۆ بەشداری لە خولەکە بانگهێشت کرابوون.
محەممەد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە وەزارەت، ژیان نەجمەدین بەرپرسی پەیوەندییەکان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و ئەرسەلان ڕەحمان لە راگەیاندنی وەزارەت، بەشداربوون.
لە کۆتایی خولەکەدا بڕوانامەی بەشداریکردنیان پێبەخشرا و تیمی وەزارەتیش دیاری تایبەتیان پێشکەش بە سەرپەرشتیار و رێکخەرانی خولەکە کرد، کە بریتیبوو لە نەخشی چنراوی ئاڵای کوردستان و منارەی شاری هەولێر.