وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەستپێکی ڕۆیشتنی پەنابەرانی لوبنانی لە خاکی عێراقەوە بەرەو لوبنان لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی قائیم لە ڕۆژئاوای ئەنبار ڕاگەیاند.
قایمقامی قەزای ئەلقائیم، تورکی محەممەد خەلیف، بە کەناڵی حورەی ڕاگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاوی لوبنانیەکان لە دەروازەی سنووری ئەلقائیمەوە دەڕۆنەوە وڵاتەکەیان.
خەلیف ئاماژەی بەوەش کرد، دوێنێ شەممە، 30-11-2024، نزیکەی هەزار و 200 کەس ڕۆیشتنەوە، ئەمڕۆش نزیکەی هەزار و 300 کەسی دیکە دەچنەوە لوبنان، تا ئێستاش ژمارەی گەڕانەوەی لوبنانیەکان بەردەوامە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئەو خێزانە لوبنانیانەی کە لەعێراقن، 6500 خێزانی تێپەڕاندووە، کە یەکسانە بە نزیکەی 20 هەزار کەس کە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا دەژین.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ڕاگرتنی شەڕ، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات ڕێککەوتنەکەش بۆ ماوەی 60 ڕۆژە.