تیمی پڕۆژەی (هەژماری من)، چەند ڕێنوێنییەكیان بۆ ئەو مووچەخۆرانە بڵاو كردەوە كە لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچەكانیان وەردەگرن، ئاماژە بەوە دراوە: “ئێستا دەتوانن لە نزیكەی 100 ناونیشانی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، مووچەكانتان ڕابكێشن.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 18/12/2024، پەیجی فەرمیی (هەژماری من) لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، چەند ڕێنوێنییەكی بۆ ئەو 191 هەزار مووچەخۆرە بڵاو كردەوە كە لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچەكانیان وەردەگرن، ئەوانیش بریتین لە:
– مەرج نییە تەنیا لە یەك ئامێری ڕاكێشانی پارە دەستت بە مووچەكەت بگات، ئێستا لە نزیكەی 100 ناونیشانی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، دەتوانیت تەواوی مووچەكەت ڕابكێشیت، بیرت نەچێت، دەتوانیت ئامێرەكانی مۆڵەكان و لقی بانكەكانیش بەكار بهێنیت.
– دەتوانیت لە هەر كاتێك بێت، بە ڕۆژ و بە شەو، سەردانی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە بكەیت و تەواوی مووچەكەت ڕابكێشیت.
– بریكارەكانی هەژماری من لای ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە چاوەڕێتن، هەر پرسیارێك یاخود كێشەیەكت هەبوو، ئەوان هاوكارت دەبن.
– هەر پرسیارێكت هەبوو، دەتوانیت لە سەرجەم هێڵەكانەوە و لە ڕێگەی ژمارە 1991، پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی (هەژماری من) بكەیت.