ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەبارەت بە ڕێورەسمى کریسمس و شەوى سەرى ساڵ، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.12.19، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە ڕێورەسمى كریسمس و شەوى سەری ساڵ و ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ڕوودانى هەر ڕووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، تەواوى هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی  فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، پۆلیسى هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان)ى لە سەرجەم شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگە و شوێنایانەی كە هاوڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێدەکەن ئەرکی پێسپاردن.

پاشان پارێزگارى هەولێر، ئەکیدى لە ڕێگریکردن لە دیاردەى دزێو و ناشارستانیەکان کردەوە و ئاماژەى بەوەدا کە بە هیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشى بکرێت لەو کەس و لایەنانەى دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى زێدەڕۆیى لە سەر موڵکى گشتیى، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد بەردەوامبن لە ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانى هەر جۆرە زێدەڕۆییەک و هەرکەس و لایەنێکیش دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرز و موڵکى گشتیى ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر، دووپاتیشى کردەوە پاراستنی موڵکى گشتیی ئەرکی هەموو لایەکمانە.

هەروەها پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە هێزە ئەمنیەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ هەماهەنگى و هاوکارى نێوانیان و چاودێریکردن و بەدواداچوون و گرتنەبەرى ڕێ و شوێن و ڕێکارى پێویست لە هەر شوێنێك کە زێدەڕۆیی ئەنجامدرابێت.

لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و ئاسایشى بازگەکانى هەولێرى ڕاسپارد، بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بەخۆیان، لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کە ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن و ئاسانکاریان بۆبکرێت.

لە کۆتایشدا پارێزگارى هەولێر، دڵنیایى بە هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەختدا، کە بەهەموو توانایەکەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشى لە هاوڵاتییان کرد وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى دەزگا و دامەزراەوە فەرمیەکان بن.

May be an image of 9 people

هەواڵی پەیوەندیدار

هەرێمی کوردستان و هەرێمی مۆرسیای ئیسپانیا پەرە بە پەیوەندییە گەشتیارییەکان دەدەن

سەڵاح

سه‌رۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا دەکات

یاسین

ئەو بەرهەمانەی کە بۆ دابەزاندنی کێشی لەش بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن ماددەیەکی مەترسیداریان تێدایە

یاسین