ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پۆستی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە، پشتگیری لە سه‌لام نه‌واف ده‌كرێت

 

میدیا ناوخۆییەکان بڵاوییان کردەوە دەیان پەرلەمانتاری لوبنان پشتگیری خۆیان بۆ دادوەری نێودەوڵەتی نەواف سەلام دەربڕیوە تاوەکو ببێتە سەرۆک وەزیری لوبنانی پڕ لە قەیران، لە کاتێکدا سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە ئامادەکاری بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەکات.

سه‌لام نه‌واف ته‌مه‌نی 71 ساڵه‌ ، سه‌ر به‌ خێزانێكی به‌یروتی لوبنانه، خانه‌واده‌كه‌ی له‌ سیاسه‌ت بوون و براكه‌ “سائب سه‌لام” له‌ نێوان ساڵه‌كانی 1952 و 1973 سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی كردوه‌، و ئامۆزایه‌كه‌ی “ته‌مام سه‌لام” له‌ 2014 و 2016 سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی لوبنانی كردوه‌.

سەرۆکی لوبنان جۆزیف عەون کە هەڵبژاردنەکەی لە هەفتەی ڕابردوودا هیواکانی دروست کردەوە بۆ هێنانە دەرەوەی لوبنان لە قەیرانەکان، لەگەڵ پەرلەمانتاراندا ڕاوێژی کردووە پێش ئەوەی سەرۆک وەزیری نوێی وڵاتەکە ڕابگەیەنێت.

میدیاکانی لوبنان دەڵێن نەواف سەلامی سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی لە هاگ، لە پێش سەرجەم بەربژێرەکانی دیکەوەیە، بە نەجیب میقاتیشەوە.

هەتاوەکو دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، 78 ئەندامی پەرلەمانی لوبنان بە عەونییان وتووە کە پشتگیری لە سەلام دەکەن، نۆ یاسادانەر پشتگیرییان لە میقاتی کردووە کە وەکو سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری لوبنان خزمەتی کردووە.

سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان پشتگیرییان لە سەلام کردووە، بڕیاری کۆتایی لەلای سەرۆکی وڵاتەکەیە.

بەپێی هاوبەشیکردنی دەسەڵات لە لوبناندا، سەرۆکی وڵاتەکە دەبێت کریستیانی مارۆنی بێت، سەرۆک وەزیریش دەبێت موسوڵمانێکی سووننە بێت، سەرۆکی پەرلەمانیش دەبێت موسوڵمانێکی شیعە بێت.

ئەوانەی پشتیوانی لە سەلام دەکەن دەڵێن کەسایەتییەکی بێلایەنە و دەتوانێت چاکسازییە پێویستەکان ئەنجام بدات، بە پێچەوانەی میقاتییەوە کە ڕەخنەگران دەڵێن لە ژێر کاریگەریی حزبوڵادایە.

یاسادانەر جۆرج عەدوانی پارتی کریستییانەکان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەوندا و پشتگیریکردنی لە سەلام وتی ئێستا کاتی ئەوەیە حزبوڵا سەنگ بخاتە سەر ” کاری سیاسیی.”

وتی ” سەردەمی چەک کۆتایی هاتووە.”

حزبوڵا لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئیسڕائیل بە لاوازکراویی و بریندارییەوە هاتە دەرەوە، کۆتایی هاتنی جەنگەکەش بەهۆی ئاگربەستێکەوە بوو. حزبوڵا دەبێت چەکدارەکانی لە ناوچەکانی باشووری لوبنانی نزیک سنووری ئیسڕائیل بکشێنێتەوە، چونکە سوپای نیشتیمانی لوبنان و هێزە ئاشتی پارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ناوچانەدا جێگیر دەکرێن.

حزبوڵا هاوپەیمانێکی سەرەکیشی لە دەستدا کە ئەویش بەشار ئەسەدی سوریا بوو، ئەوەش دوای ئەوەی یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی ئیسلامییەکان ڕژێمەکەی ئەسەدییان لە سوریا ڕووخاند.

یاسادانەری سەربەخۆ مەلهەم خەلەف وتی پشتگیری لە سەلام دەکات وەکو بەربژێرێکی ” گۆڕانکاری ” چونکە لە دەرەوەی چینە دەسەڵاتدارە کۆنەکەوە هاتووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵاوە بە فرانس پرێسی وت کە حزبوڵا و بزووتنەوەی ئەمەلی هاوپەیمانی پشتگیری لە میقاتی دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

حوسێن سەلامی: بە چەکی باوەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەجەنگین

یاسین

رۆژی یەكشەممەی داهاتوو مووچەی مانگی شه‌ش دابەش دەكرێت

سەڵاح

لالیگا.. ئەتلەتیکۆ بە ڕیمۆنتادا خۆی گەیاندە پلەی دووەم جێی ریال

یاسین