د. هەردی جەودا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی ڕایگەیاند، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە سەرجەم پارێزگای هەولێر زیاتر لە پێنج هەزار کەس تووشی شێرپەنجە بوونە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەگشتی سێ هەزار و٥٠٠ کەس تووشبوو هەبووە.
لە ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە و لەمیانی ڕێزلێنان لەو کارمەندانەی زۆرترین خزمەتیان پێشکەش کردووه، د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن باسی لەوە کرد، کە لەماوەی یەک ساڵدا لە پارێزگای هەولێر سێ هەزار و٥٠٠ کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوونە، کە سەردانی نەخۆشخانە ئەهلی و حکوومییەکانیان کردووە، تەنیا لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە ساڵی ٢٠٢٤ هەزار و٨٠٠ دۆسییەی تازە کراونەتەوە، کە لەنێویاندا هەزار و١٠٠یان تووشبوون و ئەوانی دیكە نەخۆشیی خوێنیان هەبووە، لەو ژمارەیە ٩٠٠یان دانیشتووی هەولێرن.
گوتیشی: ”لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٩٥ هەزار سەردانی نەخۆشخانە کراوە، ڕاوێژکاری ددان ١٣ هەزار و ٥٠٠ سەردان هەبووە، هەروەها 75 هەزار پشکنینی جۆراوجۆر ئەنجام دراون، شەش هەزار سۆنەر وەرگیراوه و سێ هەزار پشکنین مۆخیش کراوە.“
لەبارەی ڕیزبەندیی جۆرەکانی شێرپەنجە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی گوتی: ”تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک یەکەمی لیستەکەن بە ڕێژەی ٢٥٪ و تووشبوانی دیکە لە جۆری شێرپەنجەی قۆڵۆن و سییەکان و پێست و پڕۆستات و مۆخ و گرێیەکانن.“
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ساڵانە ٥٠ ملیار دینار لە سندووقی شێرپەنجەوە پشتیوانیی چارەسەری تووشبوان دەکرێت و تووشبوانیش بەنزیکەی ٣٠٪یان دانیشتوانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و 70%یانیش دانیشتوانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.