ئەمڕۆ چوارشەممە، 5-2- 2025، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد، تیمەکانی فریاگوزاریی تەرمی هەر 67 قوربانییەکەیان دۆزیوەتەوە، کە هەفتەی ڕابردوو لە ڕووداوی پێکدادانی هێلیکۆپتەرێکی سەربازی و فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر گیانیان سپاردبوو.
بەرە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە،30ـ1-2025، هێلیکۆپتەرێکی سەربازی خۆی بە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە فڕۆکەخانەی ڕۆناڵد ڕیگن دا کێشا، لە ئەنجامدا هەموو سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدا.
ئاماژەیان بەوەش کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تیمەکانی فریاگوزاریی لە ئاوە سەهۆڵاوییەکانی ڕووباری پۆتۆماک بەردەوام بوون لە گەڕانەکانیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی هەموو قوربانییەکان.
هەموو ئەو تیمانەی بەشداربوون لە پرۆسەی گەڕانەکەدا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، تەرمی هەر 67 قوربانی ڕووداوەکە دۆزرایەوە، ئاماژەیان بەوەش کرد، ناسنامەی هەموویان ئاشکرا کراوە جگە لە یەکێکیان نەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، ئێستا تیمەکانی فریاگوزاریی سەرنجیان لەسەردەرهێنانەوەی پاشماوەکانە کە لە ڕووباری پۆتۆماکدا ماونەتەوە.