بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ژمارەی ترسناكیان لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی هەناسەدان دركاندووە و رایانگەیاندووە، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار كەس تەنیا لە یەك رۆژدا سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی بەغدایان كردووە، كە گرفتی هەناسەدان و ڕەبۆ و سینگ ئێشەیان هەبووە، ئەویش بە هۆكاری پیسبوونی هەواوە.
لای خۆیەوە، (ئەلعیساوی) پزیشكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی سینگ و هەناسەدان جەخت لەوە دەكاتەوە، ژمارەی تووشبوانی بەو نەخۆشییانە لە بەرزبوونەوەدایە. راپۆرتە فەرمییەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 43 هەزار كەسی تووشبوو بە شێرپەنجە لە عێراق تۆمار كراون.
حەسەن مەنسووڕی، شارەزا و ئەندازیاری كشتوكاڵ، بۆ (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) ئاماژە بەوە دەكات، هەر تەنیا پیسبوونی هەوا كاری لەسەر تەندروستیی خەڵك نەكردووە، بەڵكوو پیشەسازیی هەڕەمەكی و تێكدانی زەویی كشتوكاڵی و گۆڕینی جۆریی بایۆلۆجی و لەدەستدانی مادەی سرووشتیی زیندەوەرەكان، هۆكاری دیكەن.
بەغدا لە سەرووی لیستی شارە پیسبووەكانە لە جیهاندا، بەگوێرەی راپۆرتەكانیش، بەغدا هەموو پێوەرێكی جیهانیی لە پیسبوونی هەوادا تێپەڕاندووە، دەسەڵاتدارانیش ئاماژە بە گرتنەبەری رێكارەكان دەكەن و دەڵێن، لە مانگی تشینی یەكەمی ڕابردووەوە تا ئێستا 170 كارگەی پیشەسازی و كشتوكاڵییان بەهۆی پیسبوونی هەوا داخستووە. بەڵام شارەزایان ئەمە بە چارەسەر نابینین و پێیان وایە دەبێ سیاسەت و بەرنامەی درێژمەودا هەبێ، كە ببێتە هۆی كەمكردنی ژەهرەكان لە هەوا و هەروەها ئیدارەدانی فێڕدراو و پاشماوەكان و بەهێزكردنی بەكارهێنانی وزەی پاك.
عومەر عەبدوللەتیف، شارەزای ژینگە و ئەندامی ڕوانگەی عێراقی سەوز بۆ (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) دەڵێت: ”بەغدا زۆربەی هۆكارەكان و زیادبوونی پیسبوونی هەوا و ژینگەی هەیە، گرنگترینیان ئەو هەموو باڵەخانە كۆنكرێتییانەی ناو شار و دەرەوە، بەكارهێنانی سووتەمەنیی نەوتی ڕەش، زیاتر لە مانگێكیشە بۆنێكی تیژی وەك (گۆگرد) بڵاو بووەتەوە، ئەمە زۆر ترسناكە، چونكە بریتییە لە پێكهاتەی كیمیایی پیس و مەترسیدار لەسەر ژیانی خەڵك و دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە.“
دەشڵێ: ”هۆكاری دیكەی پیسبوونی هەوای بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ نەهێشتنی رووبەری سەوزایی و كشتوكاڵ و كردنیان بە باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوون. بەپێی زانیارییەكانیش بۆ دوو ساڵی دیكە ژمارەی دانیشتوانی بەغدا دەگاتە 10 ملیۆن كەس، كە ئێستا 9 ملیۆنە، هەروەها چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل و مۆلیدەی كارەبا لەناو گەڕەكەكانن، جگە لەوەی كارگەی خشتی سوور لە رۆژهەلات و رۆژئاوای شار، ئەمانە هەموویان بەهۆی دەردانی دووكەڵ و مادەی ژەهراوی بۆ هەوا، دەبنە سەرچاوەی نەخۆشییەكان.“
ئەگەرچی پاڵاوگەی دۆرە لە بەغدایە، كە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتە لە عێراق، بەڵام ئەو شارەزایەی ژینگە رەتی دەكاتەوە كە ئەو پاڵاوگەیە كاریگەریی تەنیا لەسەر پیسبوونی بەغدا هەبێ و دەڵێ: ”كاریگەریی پاڵاوگەی دۆرە تەنیا لەسەر بەغدا نییە، بەڵكوو دەگاتە شارە دوورەكان.“
هەروەك پێیشی وایە، كە ساڵانی داهاتوو بۆ عێراق زۆر قورس و كوشندە دەبن، ئەگەر زوو رێگاچارەی گونجاو نەگرێتە بەر. دەشڵێ: ”ئێمە سەرمان سووڕماوە لە هێواشیی رێوشوێنەكانی حكوومەت لەوبارە، لەكاتێكدا عێراق لەنێو پێنج وڵاتە هەرە پیسەكەدایە لە بواری كەشوهەوا.“
ئەمە لە كاتێكدایە، كە كۆنگرەی (كوب 29) كە لە تشرینی دووەمی رابردوو لە (باكۆ)ی پایتەختی ئازربایجان بەسترا، (30) ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەری كەشوهەوا بۆ عێراق تەرخان كرد.