سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشووری عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چاوی لە قەتەر و عومانە وەک بژاردەی یەکەم بۆ کڕینی غاز لەبری تاران، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا مۆڵەتی کڕینی غازی عێراق لە ئێران نوێ نەکردەوە.
بەگوێرەی ئاهانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ ڕۆژی شەممە، ئەو مۆڵەتەی بە عێراقی دابوو بۆ کڕینی غازی ئێران، هەڵوەشاندەوە، کە لە ساڵی 2018ەوە ڕێگەی بە عێراق دابوو پارەی کارەبای ئێران بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن بەردەوامە لە سیاسەتی فشار کردنە سەر تاران.
پێشتریش وەزارەتی کارەبای عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی هاوین و پلانەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی غازی ئێرانی ئاشکرا کردبوو، دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مۆڵەتەی بە عێراق دراوە بۆ هاوردەکردنی غازی ئێرانەوە.
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: “لەدەستدانی ئەو غازەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، کاریگەری زۆری لەسەر سیستەمی کارەبای عێراق دەبێت، واتە زیاتر لە 8 هەزار مێگاوات کارەبا نامێنێت، بەڵام حکوومەت و وەزارەتی کارەبا پلانێکی تۆکمەیان داڕشتووە بۆ دڵنیابوون لەوەی لە هاوینی داهاتوودا هیچ قەیرانێکی کارەبا دروست نەبێت“.
ئاماژەی بەوەش کرد، “وەزارەتی نەوت نزیکەی 600 ملیۆن پێ سێجا غازی شل هاوردە دەکات، کە دەتوانێت نزیکەی 4 هەزار مێگاوات کارەبا دابین کات”، دەشڵێت، ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ تورکمانستان واژۆکراوە بۆ هاوردەکردنی غاز وەک بەدیلێک بۆ غازی ئێران بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە پەیوەندی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، عەبادی ڕوونیکردەوە کە “پرۆژەی هاوردەکردنی غازی کەنداو توانای دابینکردنی 500 مێگاوات کارەبای دەبێت، کە پێش مانگی حوزەیرانی داهاتوو تەواو دەبێت، ئەمە جگە لەوەی هاوردەکردنی کارەبا لە ئوردن و تورکیا زیاتر دەکات.”
عێراق زۆر پشت بە غازی ئێران دەبەستێت بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، هەروەها ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە دابینکردنی بەدیلێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی دابینکردنی وزەی سەقامگیر، بەتایبەتی لە کاتی هاویندا.