ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، سووریا بە نووسراو وەڵامی لیستی مەرجەکانی ئەمەریکای داوەتەوە بۆ ئەگەری لابردنی بەشێکی سزاکان و ڕایگەیاندووە کە زۆربەیانی جێبەجێ کردووە بەڵام هەندێکی دیکە پێویستیان بە ‘تێگەیشتنی هاوبەش’ لەگەڵ واشنتن هەیە.
ئەمەریکا پێشووتر، لیستێکی هەشت مەرجی پێشکەشی سووریا کرد، کە دەیەوێت جێبەجێی بکات، لەوانە لەناوبردنی هەر کۆگایەکی چەکی کیمیایی کە مابێتەوە، هەروەها دڵنیابوون لەوەی کە بیانییەکان پۆستی سەرکردایەتییان پێنادرێت لە حکوومەتدا.
لە نامەکەدا دیمەشق دووپاتی کردووەتەوە، کە پابەندی زۆربەی مەرجەکانی سوک کردنی سزاکانی ئەمەریکا بووە و هەروەها دەیەوێت لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان لێکگەیشتنیان لەگەڵ واشنتن هەبێت.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سووریا لیژنەیەک بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی گرووپە فەڵەستینییەکانی وڵاتەکەی پێکدەهێنێت و دەیەوێت زیاتر گفتوگۆ لەو بابەتە بکات.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سووریا ئاماژەی داوە، “مەترسی لەسەر هیچ لایەنێک دروست ناکەن، بەتایبەت ئیسرائیل.”
ڕوونیشیکردەوە، پرسی چەکدارە بیانییەکان لە سوپای سووریا پێویستی بە دانیشتنێکی ڕاوێژکاری فراوانتر هەیە، بەڵام “دەرکردنی پلەی سەربازی ڕاگیراوە.”
لە مانگی کانوونی دووەمی 2025، ئەمەریکا وەکوو هاوکاری کردنی سووریا بۆ ماوەی شەش مانگ هەندێک سزای سەر سووریای سوک کرد، بەڵام کاریگەرییەکانی سنووردار بووە.
سەرچاوەکان لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوت: ئەگەر هەموو داواکارییەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکرێن، واشنتن ماوەی سوکردنی سزاکان بۆ دوو ساڵی دیکە درێژدەکاتەوە.
سووریا پێویستی بە هەڵگرتنی ئەو سزایانە هەیە کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەسەریدا سەپێنراوە، ئەمەش بۆ یارمەتیدان و بوژانەوەی ئابوورییەکە زۆر گرنگە، چونکە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە، ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەورووپا بۆ فشارخستنە سەر بەشار ئەسەد ، سزای توندیان بەسەردا سەپاند.

