رۆژی شەممە، لە هۆڵی رۆشنبیریی هەولێر، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و هیوا سوعاد، سەرۆکی لێژنەی باڵای فێستیڤاڵ و بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر و ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد و بیانی بەڕێوەچوو.
هیوا سوعاد، سەرۆکی لێژنە فێستیڤاڵ وتەیەکی لەبارەی کۆتایی هاتنی فیستیڤاڵ پێشکەشکرد، دواتر چەند برگەیەکی هونەری پێشکەشکران.
لە کۆتایدا پارێزگاری هەولێر و هیوا سوعاد قەڵغانی رێزلێنانی تایبەتیان پێشکەش بە هەردوو ئەستێرەی دیاری میسری، هونەرمەندان شیرین و ئەحمەد بدێر کرد.
لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ هەولیر، 10 گرووپی شانۆ لە وڵاتانی تونس، لیبیا، میسر، ئێران، تورکیا و باشووری کوردستان و عێراق بەشداربوون.
فێستیڤاڵهكه لهلایهن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی هەولێر سازکرا و یەک هەفتە بهردهوام بوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا رۆژانە له دوو كاتی جیاواز دوو شانۆگەرى نمایش دەکران و لەلایەن لیژنەیەکی دادەوەری شارەزاوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرا.

