نێوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بێکاریی ژنان و پیاوانی ئەم وڵاتەی لە زستانی ٢٠٢٥دا ڕاگەیاند.
بەپێی ئەم ئامارە، زۆرترین ڕێژەی بێکاریی پیاوان لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەمترین ڕێژەش لە پارێزگای خووزستان تۆمار کراوە.
هەروەها، کەمترین ڕێژەی بێکاریی ژنان لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆرترین ڕێژەش لە پارێزگای یەزد تۆمار کراوە.
بەشێوەیەکی گشتی، زۆرترین ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان و کەمترین ڕێژەش لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە.
ڕاپۆرتەکەی نێوەندی ئاماری ئێران دەری دەخات ڕێژەی بێکاری لە نێو هەشت پارێزگای ئەو وڵاتەدا لە سەرووی ١٠٪ـەوەیە. زۆرترین ڕێژەش لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کرماشان بە ١٥.٢٪ و سنە بە ١٣.٧٪، تۆمار کراوە. دوابەدوای ئەو شارانەش پارێزگاکانی ئەردەبێڵ بە ١٣.١٪، خووزستان بە ١٢.٣٪، گوڵستان بە ١١.٢٪، هەمەدان بە ١٠.٦٪ و ئیسفەهان بە ١٠٪، زۆرترین ڕێژەی بێکارییان تێدا تۆمار کراوە.
لە ئەم ڕاپۆرتەدا تێکڕای ڕێژەی بێکاری لە ئێران ٧.٨٪ ڕاگەیاندراوە. ڕێژەی بێکاریی ١٧ پارێزگا لە کۆی ٣١ پارێزگای ئەو وڵاتە، لە سەرووی ئەو ڕێژە تێکڕایییەوەیە.
تێکڕای ڕێژەی بێکاریی پیاوان ٦.٥٪ـە. لە ١٧ پارێزگادا ڕێژەی بێکاریی پیاوان لە سەرووی ئەو ڕێژەیەوەیە.
ڕێژەی بێکاریی ژنانیش لە ٢٥ پارێزگا لە سەرووی ١٠٪ـەوەیە.
بەپێی ئەم ئامارە، زۆرترین پشکی چالاکیی ئابووریی پیاوان و ژنان لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری، پیشەسازی و کشتوکاڵدا بووە.

