zagros news agency

تورکیا؛ ترس و نیگەرانی لە دانانی کامێرای نهێنی لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکاندا

بابەتی دانانی کامێرای شاراوە لە ژووری هۆتێلەکان، بەتایبەت ئەوانەی بۆ مانگی هەنگوینی تەرخان کراون، هەروەها لەو خانوو و شوقانەی ڕۆژانە بە کرێ دەدرێن، بووەتە جێی باسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایتییەکانی تورکیا و ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو هاووڵاتیاندا دروست کردووە.
لە نوێترین حاڵەتدا، لە پارێزگای دەنیزلیی باشووری ڕۆژئاوای تورکیا، لە شوقەیەکی تایبەت بە بەکرێدانی ڕۆژانە، کامێرای نهێنی لەنێو سورکێتی کارەبادا دۆزراوەتەوە. هاووڵاتییەک دوای بەکرێگرتنی شوقەکە، گومانی کردووە و پشکنینی وردی ژوورەکانی کردووە. لە ئەنجامدا، لە سێ ژووری جیاوازی شوقەکە، لە ڕێگەی سێ پریزی کارەبای جیاوازەوە کامێرای شاراوەی دۆزیوەتەوە. جێگەی سەرنجە یەکێک لە کامێراکان لە ژووری نووستندا دانرابوو، کە بە شوێنێکی زۆر تایبەت هەژمار دەکرێت.
پێشتریش ڕووداوێکی هاوشێوە لە ناوچەی سەپانجای نزیک ئیستانبوڵ ڕووی دابوو. لە ڤێلایەکی گەشتیاریی تایبەت بەو هاوسەرانەی تازە ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە و بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینی ڕوویان تێ کردبوو، کامێرایەکی نهێنی لەنێو گڵۆپێکدا لە گەرماو و ژووری نووستن، ڕێک لەسەرووی جاکوزیەکەوە، دۆزرابووەوە.
ئەم ڕووداوانە کاردانەوەی تووندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادا لێ کەوتووەتەوە. هاووڵاتیانی تورکیایی و گەشتیارانی بیانی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و دەڵێن، بەهۆی ئەم دیاردە مەترسیدارەوە، ترسیان لێ نیشتووە سەردانی هۆتێل و شوێنەکانی مانەوەی گەشتیاری بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە وەرزی گەشتیاری لە تورکیا دەستی پێ کردووە و چاوەڕوان دەکرا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕوو لەو وڵاتە بکەن.
شایەنی گوتنە، دانانی کامێرای نهێنی بەبێ ئاگاداریی کەسەکان، پێشێلکارییەکی ڕوونی تایبەتمەندیی کەسییە و لە زۆربەی وڵاتان بە تاوان هەژمار دەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێوشوێنی توندتر بگرنە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە و دڵنیاییدانەوە بە گەشتیاران.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاگادارییه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر

یاسین

کۆمپانیای Anthropic دۆخی دەنگی زیاد کرد بۆ ئەپەکی

یاسین

ئامانج ڕه‌حیم: تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵ تەنها 280 ملیار دینارە

سەڵاح