لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدا کە قەیرانێکی دارایی ڕاستەقینە لە عێراق ڕوو دەدات، ئەمەش لە کاتێکدا کە نرخی نەوت دابەزیوە و ڕێوشوێنی خۆپارێزییش نەگیراوەتە بەر.
ئاژانسی (شەفەقنیوز) بڵاوی كردووەتەوە، لیژنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێوەرە دارایی و ئابوورییەکان ئاماژە بە خراپتربوونی کورتهێنان و دابەزینی نەختینە دەکەن، ئەمەش پێشبینیی ئاستەنگی جددیی لێدەكرێت. هاوکات شارەزایانی ئابووری، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی بە بەرپرسیار دەزانن لە قەیرانەكە.
ئەندامی لیژنەی دارایی، محەمەد شەبەکی، بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە، “هەموو پێوەرە ئابوورییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە وڵات لە قەیرانی دارایی نزیک دەبێتەوە، کە هۆکارە سەرەکییەکانیش دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی نەختینەیە، ئەمە جگە لە کەڵەکەبوونی کورتهێنانی بودجە و دواکەوتنی حکوومەت لە پێشکەشکردنی خشتەی بودجە بۆ پەرلەمان.”
ڕوونیشی کردەوە کە “عێراق ئەو ئامرازە داراییانەی نییە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ خۆپاراستن لە قەیرانەکان بەکاری دەهێنن، وەک گرێبەستی ئاییندە و وەبەرهێنانی بیانی و سندووقی فریاگوزاری.

