کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەبارەی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: ئەو کارەی عێراق دەیکات، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە بەیاننامەیەکدا، هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان،سەرکۆنە و ڕەت کردەوە، دووپاتیشی کردەوە، بەرگریی لە مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان دەکات، دەشڵێت: ئەو کارەی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
لەبەیاننامەکەدا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی حکوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان چەند داواکارییەکی ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراقیی کرد، لەوانەش داوای کردووە، حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنە داراییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یاسای بودجە بێت، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، هەڵوێست بەرانبەر سیاسەتی برسیکردنی کوردستانییان وەربگرن.
کۆنفیدراسیۆن داوای لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان، میدکاران، کەسانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبن بەرانبەر پێشلکارییە ڕوونەکانی حکوومەتی عێراق بەرانبەر خەڵکی کوردستان.
هاوکات پەیامەکەی ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی وڵاتانی جیهان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان کردووە و داوای لێکردوون، هەڵوێستی جدی بەرانبەر پێشلکارییە دەستوورییەکانی عێراق پیشان بدەن.

