zagros news agency

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان: عێراق بێباکانە و یەكلایەنانە بڕیاری وەستاندنى شایستە داراییەکانی هەرێمیان دا

 

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بەیاننامەیەكی لەبارەی بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ بڕینی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە و تێیدا ڕاگەیاندراوە: “مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەپێى دەستوور و یاسا، هەمان ماف و ئیمتیازاتى مووچەخۆرانى بەشەکانى دیکەى عێراقیان هەیە.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/6/2025، سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “بەداخەوە لە کاتێکدا هەموو لایەک چاوەڕێ بوون وەزارەتى داراییى فیدراڵ و حکوومەتى فیدراڵ پابەندییەکانى خۆى بەرانبەر هاووڵاتیان و مووچەخۆرانى کوردستان جێبەجێ بکات و شایستە داراییەکان بەپێى رێکەوتننامەى واژۆکراو بنێرێت، کەچى بێ ڕەچاوکردنى دەستوور و یاساى بودجە و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵ، هەروەها بێباکانە و یەکلایەنانە و بەشێوەیەکى نایاسایى بڕیاریان دا بە ڕاگرتن و وەستاندنى شایستە داراییەکان و مووچەى فەرمانبەران و خاوەن پێداویستیى تایبەت و کەسوکارى شەهیدان.

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “ئەو هەڵسوکەوتە نایاساییەی وەزارەتى داراییى عێراق کە سزادانى بەکۆمەڵى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە، بەپێى دەستوور و یاسا، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەمان ماف و ئیمتیازاتى مووچەخۆرانى بەشەکانى دیکەى عێراقیان هەیە، لەگەڵ پرەنسیپە یاساییەکان یەکناگرێتەوە و بەداخەوەش ئەنجوومەنى وەزیرانى حکوومەتى فیدراڵیش دەسەڵاتى یاسایى خۆیان بۆ ناردنى مووچە بەکار نەهێنا.”

هەر لە بەیاننامەكەدا داوا كراوە: “داواکارین حکوومەتى فیدراڵ و وەزارەتى دارایی بەو بڕیارەى خۆیاندا بچنەوە، بە زووترین کات مووچە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و هەرێمى کوردستان بنێرن، نەکەونە ژێر فشارێکى هیچ لایەنێک و ئەجێنداى گرووپى لەیاسادەرچوو.”

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان ڕوونیشی كردووەتەوە: “دیباجەى دەستوورى هەمیشەیى عێراق بەبیرى دەسەڵاتدارانى عێراق دەهێنینەوە کە جێبەجێکردنى بڕگەکانى دەستوور زامنى یەکپارچەیى و یەکێتیى عێراقە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان: لابردنی کورسی کۆتاکان بڕیارێکی ستەمکارانەیە

یاسین

وەزیری دەرەوەی ئێران: ئاڵای دانوستان هەرگیز نەکەوتووەتە خوارەوە

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین