بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازەکانی وشکانی و دەریایی سووریا، ئاشکرای کرد، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە زیاتر لە 425 هەزار هاووڵاتی سووری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە.
مازن عەلووش، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 تا 8ـی حوزەیرانی 2025، 425 هەزار هاووڵاتی لە دەروازە سنوورییەکانی سووریا گەڕاونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەیە لە وڵاتانی دراوسێوە، دیارترینیان تورکیایە، کە زیاتر لە 250 هەزار کەس لەو وڵاتەوە گەڕاونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری سووری دیکە لە لوبنان و ئوردن و عێراقەوە گەڕاونەتەوە.”
ئاماژەی بەوەش کردووە، دەروازە سنووریەکان ناوی دەیان هەزار کەسی بیانی تۆمارکردووە کە لە ئەوروپا و کەنەداو و وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە هاتوون، جا بە مەبەستی سەردانیکردن بێت یان نیشتەجێبوونی هەمیشەیی.
مازن عەلووش، گوتیشی: لە دوای کردنەوەی دەروازەی سنووری ‘عریزە’ لەگەڵ لوبنان کە سێشەممەی ڕابردوو کراوەتەوە، زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار لەو دەروازەیە هاتووچۆیان کردووە.
باسی للەوەش کرد، ئێستا کارەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی بازرگانی هەمیشەیی لە نێوان سووریا و لوبنان لە ڕێگەی دەروازەی عریزە، ئەمە جگە لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی ژێرخان و نۆژەنکردنەوەی گشتگیری دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە دەروازەکە .
ئەو دەروازە سنوورییە وشکانییانەی کە سووریا بە تورکیا دەبەستنەوە بریتین لە، کەسب، باب ئەلهەوا، حەمام، سەلامە، راعی، جەرابلوس. دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی نێوان سووریا و لوبنان بریتین لە، جەدیدە یابوس، جوسیە و عریزە. دەروازە سنوورییە وشکانییەکان سووریا و ئوردن بریتین لە نسیب، لەگەڵ عێراقیش، دەروازەی سنووری ‘ئەلبوکامال’ـە.
هەواڵی داهاتوو

