محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی زیاتر لە جاران ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک.
“بە خێرایییەکی زیاتر لە پێشوو، پێشدەکەوێت”.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بۆ ئاژانسی هەواڵی (مێهر)ى ئێرانی، گوتیشی: “بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە خێرایی زیاتر لە جاران پێشڕەوی دەکات”.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا و هاوکارەکانی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هێرشەکهى ئهمریكا، کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هێناوە. ترامپ وتی هێرشەکان پێویستن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنە گرنگە ئەتۆمییەکان “بەتەواوی لەناوچوون”.
پاشان مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کاریگەریی ئەو لێدانانەی کە شەممەی ڕابردوو ئهنجام درا، دووپاتکردەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “پۆلیتیکۆ” کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوی کردەوە، گوتی: “زیانی بەرچاو و بنەڕەتی بە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، کەوتووە”.

