لە کاتێکدا میدیا ئێرانییەکان باس لە داواکارییەکی ئەمریکا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت هیچ داوایەکیان پێشکەش نەکردووە.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانەوە نەیتوانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ڕابگرێت، ئێستا لە ڕێگەی چەند وڵاتێکی جیاوازەوە داوای کردووە دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران خەریکی تاوتوێکردنی داواکارییەکەی ئەمریکایە، کە تێیدا باس لە لادانی سزاکان، دیاریکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئێران دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاندبوو: “بەرپرسانی ئێران دەیانەوێت دیدارێکمان هەبێت و بڕیارە ئەو دیدارە ڕێک بخەین.” هەروەها ستیڤ ویتکۆف، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، گوتی: “ڕەنگە هەفتەی داهاتوو دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە.”
بەڵام ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و گوتی: “ئێران هیچ داواکارییەکی بۆ کۆبوونەوە بە لایەنی ئەمریکایی نەداوە و هیچ پێشنیارێکمان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان پێشکەش نەکردووە.”
هەواڵی پێشوو

