zagros news agency

سووریا؛ لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە ٤ هەزار ئاگرکەوتنەوە ڕوویان داوە

بەرگریی شارستانیی سووریا ئامارێکی مەترسیداری لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و ناوچە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بەدەم زیاتر لە چوار هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەوە چوون.
ڕائید ساڵح، سەرۆکی بەرگریی شارستانیی سووریا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢٥ـەوە تا ٧ی تەممووز، تیمەکانیان ٤ هەزار ئاگرکەوتنەوەیان کۆنترۆڵ کردووە. زۆرترین ڕووداوەکانیش لە پارێزگای حەلەب بوونە کە گەیشتووەتە ٧٨٩ ڕووداو و دوای ئەویش پارێزگای لازقیە بە ٦٠١ ڕووداو دێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی سەختی و دژواریی ڕێگەوبان و سروشتی شاخاویی ناوچەکان، کاری کوژاندنەوەی ئاگرەکان زۆر قورس بووە.
ڕائید ساڵح هەروەها گوتیشی: “تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەرگریی شارستانی، بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی فریاگوزاریی وڵاتانی لوبنان، تورکیا و ئوردن، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بەرفراوانەی لە دارستانەکانی پارێزگای لازقیە کەوتووەتەوە.”
شایەنی گوتنە، ماوەی شەش ڕۆژە ئاگرێکی گەورە لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی لازقیە بەردەوامە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار هێکتار زەوی سووتاوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە پەرلەمان لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت

سەڵاح

لقی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بۆ سەنتەری میترۆ: ئێوە هەڵە تێگەیشتوون

سەڵاح

بەوێنە… هێڵکاریکردنی ڕێگەی نێوان کۆمەڵگەی شاخۆلان – دهۆک

سەڵاح