سێرگی لاڤرۆڤ و عەباس عێراقچی، وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە شاری تیانجینی چین، جەختیان لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی کردەوە: «هەردوولا درێژەیان بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا داوە لەسەر ئەو پرسانەی جێی بایەخی هاوبەشی هەردوولان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.»
بەیاننامەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە: «دووپات کرایەوە، گرنگە قەیرانی دەوری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تەنیا لە ڕێگەی شێوازی سیاسی و دیپلۆماسی و بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی چارەسەر بکرێت.» وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هەروەها ئاماژەی داوە، «وەزیرەکان لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا ڕێک کەوتن.»
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بە پێکدادانە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کرد و گوتی: «داوا لە ئەنجوومەنی سەرۆکانی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای دەکەم بە زووترین کات دۆخەکە تاوتوێ بکات و بڕیارێک بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی سیاسیی پێویست بدات.»
ناوبراو ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دا و گوتی: «لەو هێرشانەدا، زیاتر لە ٦٨٥٠ کەسی بێتاوان کوژران یان بریندار بوون، کە بەشێکی بەرچاویان منداڵان و ژنان بوون.»
ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە دووڕۆژییەی تیانجین، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ناوچەکە و هەماهەنگییە بۆ لووتکەی داهاتووی سەرۆکانی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای. بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی لووتکە لە ٣٠ی ئاب تا ١ی ئەیلوول لە هەمان شار بەڕێوە بچێت.

