ڕۆژی سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی سێناتی فەڕەنسی كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێز ڕێمی فێرۆ سێناتۆری هەرێمی پاریس و بەڕێز ئۆلیڤیێ بلیتز سێناتۆری هەرێمی ئۆرن.
لە دیدارەكەدا كە باڵیۆز ئیمانویێل مینیۆ كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان و بنیاتنانی دامەزراوەكانی هەرێم و فەرماندەییكردنی هێزی پێشمەرگە و تێكشكاندنی داعش هەبوو. هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە هەوڵدان بۆ جێگیركردنی بنەماكانی سەقامگیری و پێكەوەژیان لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەرز نرخاند. شاندی میوان جەختیشیان لە پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان كردەوە كە پەیوەندییەكی مێژوویی و سیاسی و كولتووری و جەماوەریی هەمەلایەنە و ڕەگداكوتاوە و گەل و حكوومەتی فەڕەنسا هەمیشە بەچاوی ڕێزەوە سەیری خەبات و قوربانیدان و پەرۆشی بۆ پێكەوەژیان و دیموكراسیی گەلی كوردستان دەكەن.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە بارەی مێژوویی پەیوەندییەكانی فەڕەنسا و گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكان و سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و سەردەمی ڕاپەڕین و هەوڵی فەڕەنسا بۆ دەركردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و پاراستنی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستان و هاتنی سەرۆك ئۆلاند و سەرۆك ماكرۆن بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها كردنەوەی ڕێڕەوێك لە شاری پاریس بەناوی پێشمەرگە خستەڕوو. جەختیشی لەوە كردەوە هەموو ئەو وێستگە مێژووییانە بەڵگەنە بۆ بوونی هاوبەشی و پەیوەندییەكی پتەوی دۆستانە لەنێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕانسا.
هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایەسەر بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نیە لەو گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەن و هەمیشە بەشێكە لە چارەسەر. هەروەها پەیوەست بە دۆخی عێراق ڕایگەیاند كە بەردەوامین لە پاڵپشتیكردنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی جێبەجێ بكرێن و دامەزراوەكانی دەوڵەت و سەقامگیری بپارێزرێن.

