حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، لێکۆڵەری سیاسی و لە خولی دەیەمی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێرانیشدا سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی بوو، لە دیدارێکی یەک سەعاتە لەگەڵ ماڵپەڕی (فرارو)ی فارسی، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران و مەترسییەکانیدا هۆشداری دەدا و دەڵێ: ”ئەگەر جەنگێکی دیكە ڕوو بدات، ئەوا دەبێتە خۆکوژانەترین جەنگی مێژوو.“
هەرچی سەبارەت بە دۆخی دپلۆماسیی ئێرانە لە مانگەکانی داهاتوودا، فەلاحەت پیشە دەڵێ: ”لە چل ڕۆژی داهاتوودا سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکەوێتە سەر دووڕیانێک.“
هەروەها بەتەوسەوە پرسیار لە دەوڵەت دەکا کە دەیگوت شەش پایتەختی وڵاتی عەرەب لە کۆنتڕۆڵی ئێراندان و دەڵێ: ”کوا ئەو شەش پایتەختە؟“
فەلاحەت پیشە لە تەواوی دیدارەکەدا هێڕشی توند دەکاتە سەر توندڕەوەکان و پێیوایە ئەوان دەرفەتەکانی ئێرانیان لەدەست دا و بە (سووتێنەری دەرفەتەکان) پێناسەیان دەکا، هەروەها بە نەرمی باس لە پرۆسەی دانوستان دەکا، بەڵام پێی وایە تەنیا لە سەتا دەی دۆخەکە هی ئەوەیە دانوستانی تیادا بکرێ و لە سەتا نەوەدەکەی دیكەی هەلومەرجەکە بە دۆخی شەڕ دەستنیشان دەکات، لەو خوێندنەوە و دیدگایەوە لایەنگری ئەوەیە کە چارەسەری دۆخەکە لەناو سەدا نەوەدەکە واتا لەناو خودی ئێراندایە، لەوبارەوە بەتوندی پشتیوانی لە پیشەسازیی سەربازی، بەتایبەت پیشەسازیی بەرگری دەکا و هاوکات لایەنگری باشکردنی ژیانی سەربازانی ئێران دەکا و پێیوایە کە لەو پێودانگەدا دەبێ بودجەی بەرگریی ئێران زۆرتر بکرێ.
جێی ئاماژەپێدانە، لە تەواوی دیدارەكەدا کە باس دێتە سەر پارێزەرانی ئێران، تەنیا ناوی سەربازان دێنێ و بۆ یەک جاریش ناوی پاسداران ناهێنێتە سەرزار.

