وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پرۆژیەکی تاقیکاری بۆ ماوەی ساڵێک جێبەجێ دەکات، کە پێویستە هاووڵاتیانی چەند وڵاتێک بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمەریکا و گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتە، دەبێت 15 هەزار دۆلار وەکوو کەفالە بنوێنن.
ئەم بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە، دوای 15 ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەشێکە لەو ڕێوشوێنانەی کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی گرتوویەتەبەر.
ئەم بڕیارە بە ئامانجی دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە داواکارانی ڤیزا، لە ماوەی ڕێگەپێدراو بۆ مانەوەیان لە ئەمەریکا، زیاتر نامێننەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەم بڕیارە هاووڵاتی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە بە پلەی یەکەم پێویستیان بە ڤیزا هەیە بۆ گەشتکردن بۆ ئەمەریکا، جا ئامانجی گەشتەکەیان گەشتیاریی بێت یان بازرگانی.
گوتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، دەستپێشخەرییەکە، پابەندبوونی ئیدارەی ترەمپ بە جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری ئەمەریکا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بەهێزتر دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دەستنیشانکراون نابێت زۆر بمێننەوە.
نزیکەی 500 هەزار کەس لە ساڵی 2023، لە سنووری مانەوەی ڕێگەپێدراویان لە ئەمەریکا، زیاتر ماونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لیستی ئەو وڵاتانەی بڵاونەکردۆتەوە کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
نزیکەی 40 وڵات هەن کە زۆربەیان ئەورووپین، هاوڵاتیانیاندەتوانن بەبێ ڤیزا گەشت بکەن و بۆ ماوەی 90 ڕۆژ بمێننەوە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمەریکا دەستیکردووە بە توندکردنەوەی مەرجەکانی ڤیزا بۆ چەند وڵاتێک بەتایبەتی لە ئەفریقا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئیدارەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری.

