zagros news agency

‎سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ هه‌موو هاوكارييه‌كى پێويست پێشكه‌ش به‌ ئێزدييان بكرێت

‎بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 25/8/2025 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی ئێزدییاندا كرد كە لەلایەن زانکۆی كوردستان ـ هەولێرەوە ڕێكخرا بوو.

‎لە ڕێوڕەسمەكەدا كە بەڕێزان میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان، بابە شێخ و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان، لایەنە سیاسییەكان، كونسوڵ و دیپلۆماتكارانی وڵاتان لە هەولێر، ئەكادیمی و لێكۆڵه‌ران له‌ ناوخۆ و دەرەوە و مامۆستایانی ئایینی ئامادەی بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

‎جه‌نابێ مير حازم ته‌حسين به‌گ، ميرێ ئێزدييان
‎جه‌نابى بابه‌ شێخ
‎ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

‎ڕۆژ باش..

‎به‌ گه‌رمى به‌خێرهاتنتان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌ ده‌رباره‌ى جينۆسايدى ئێزدييان. به‌خێرهاتنێكى تايبه‌تى ميوانان و به‌شدارانى بيانى ده‌كه‌م كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكى جيهانه‌وه‌ ئەمڕۆ هاتوون و بەشدارن لەم كۆنفرانسە، هەموو لایەكتان بەخێر بێن. ده‌ستخۆشى له‌ زانكۆى كوردستان ده‌كه‌م بۆ سازدانى ئه‌م كۆنفرانسه‌ زانستييه‌ ئه‌كاديمييه‌ كه‌ يه‌كه‌مجاره‌ به‌م ئاسته‌ و به‌م به‌شدارييه‌ فراوانه‌، لە هەولێر ساز ده‌كرێت.

‎سه‌ره‌تا هه‌موو قوربانييانى ئێزدى و ته‌واوى قوربانييانى ده‌ستى داعش به‌ ڕێزه‌وه‌ ئەمڕۆ به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌. سڵاو و دروود بۆ گيانيان ده‌نێرين. ئه‌وان هه‌رگيز له‌بيرمان ناچنه‌وه‌ و بۆ هه‌ميشه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

‎سازدانى كۆنفرانسى زانستى ـ ئه‌كاديمى ده‌رباره‌ى جينۆسايدى ئێزدييان، كارێكى يه‌كجار پێويست و گرنگه‌، به‌تايبه‌تى كه‌ ئاوا پسپۆڕان و شاره‌زايان له‌ ناوه‌نده‌ زانستى و ئه‌كاديمييه‌كانى جيهانه‌وه‌،‌ تيايدا باس و لێكۆڵينه‌وه‌كانيان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

‎ئه‌مه‌ ڕۆڵێكى گرنگ و پێويست له‌ به‌دۆكيومێنتكردنى جينۆسايده‌كه‌ و لێكه‌وته‌كانى ده‌گێڕێت. لێكۆڵێنه‌وه‌ى زانستى و ئه‌كاديمى له‌ جينۆسايدى ئێزدييان له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانى مێژوويى و سياسى، ياسايى و ڕه‌هه‌ندى ده‌روونييه‌وه‌، ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى گرنگ بۆ ئێستا و داهاتووى ئه‌م پرسه‌ و لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ هه‌موو لايه‌نه‌كانى جينۆسايده‌كه‌.

‎له‌و بڕوايه‌دام كه‌ ئه‌م كۆنفراسه‌ ئازاره‌كان ده‌گۆڕێت بۆ زانين و مه‌ينه‌تييه‌كان ده‌گۆڕێت بۆ په‌ند و وانه‌وەرگرتن. هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ پردێكى نێوان زانست و سياسه‌ت و مرۆڤايه‌تى، به‌شدارى و هاوبه‌شى ده‌كات له‌ فراوانبوونى دانپێدانانى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جينۆسايده‌كه‌ و لێپرسينه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و تاوانكاريانه‌.

‎به‌ڕێزان:

‎3ى ئابى ساڵی 2014 داعش هه‌وڵى دا پێكهاته‌يه‌كى ڕه‌سه‌نى كوردستان و عێراق و كولتوورى فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيانى بسڕێته‌وه‌. به‌ هه‌زاران پياو و گه‌نجى كوشت، به‌ هه‌زاران ژن و كچى ئێزدیى ڕفاند و جۆره‌ها تاونكاريى ده‌ستدرێژى و به‌كۆيله‌كردنى به‌رامبه‌ريان ئه‌نجام دا، به‌ زۆر ئايينى منداڵه‌كانيان پێ گۆڕين و بۆ كارى خۆكوژى و تيرۆر، مه‌شق و ڕاهێنانيان پێكردن. سه‌تان هه‌زاريان لێ ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر كران و په‌رستگه‌ و سيمبۆله‌ ئايينييه‌كان و كولتوورى ئێزدييان، ڕووبه‌ڕووى پرۆسه‌يه‌كى له‌ناوبردن و سڕينه‌وه‌ى به‌رنامه‌دار بوونه‌وه‌.

‎بۆيه‌ ئه‌م تاوانكارييه‌ ڕووداوێكى ڕاگوزه‌رى مێژووى ناوچه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكوو برينێكى قووڵى ساڕێژنه‌بووە، هه‌روه‌ها له‌كه‌يه‌كى شه‌رمه‌زارييه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایەتیدا‌. هه‌موو ڕزگاربوويه‌كى ئه‌م جينۆسايده‌، هه‌موو دايك و باوكێكى ئێزدى كه‌ ڕۆڵەكانیان له‌ده‌ستداوه‌، هه‌موو منداڵێك كه‌ بێ دايكوباوك و بێ خێزان و كه‌سوكار ماوه‌ته‌وه‌، شاهدێكى زيندووى ئه‌و كاره‌ساته‌يه‌.

‎هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ سەرەتای يه‌كه‌مى كاره‌ساته‌كه‌وه‌، وه‌ك ئه‌ركى نيشتمانى و مرۆييى خۆى، پێشوازيى له‌ سه‌تان هه‌زار ئێزدى كرد، به‌ سه‌تان پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌ييى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، به‌ گيان و خوێنى خۆيان، هه‌رچييان له‌ده‌ست هات كرديان بۆ به‌رگريلێكردن و پاراستنى ئێزدييان و ڕزگاركردنى شه‌نگال. ئێمه‌ وه‌ك پرسێكى كوردستانى مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساته‌دا كرد، چونكه‌ ئێزدى به‌شێكى ڕه‌سه‌نى پێكهاته‌ى كوردستانن.

‎ڕاسته‌، هه‌موو ساڵێك به‌ چه‌ندين شێواز و له‌ چه‌ندين شوێندا، يادى ئه‌م كاره‌ساته‌ به‌ئازاره‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ گرنگه‌ و پێويسته‌ به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ى نه‌وه‌كانى داهاتووش بزانن وه‌ك هه‌موو پێكهاته‌كانى ديكه‌ى كوردستان، چ كارەساتێك به‌سه‌ر ئێزديياندا هاتووه‌؟! به‌ڵام بە دڵنیاییەوە ئه‌مه‌ به‌س نييه‌ و به‌شى ئێزدييان ناكات.

‎مايه‌ى داخێكى زۆره‌ دواى يازده‌ ساڵ له‌و كاره‌ساته، هێشتا نزيكه‌ى نيوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى، ژيانێكى سه‌ختى ناو كه‌مپه‌كان ده‌گوزه‌رێنن، منداڵى ئێزدى هه‌يه‌ ئه‌مڕۆ يازده‌ ساڵانه‌‌ و هه‌موو ته‌مه‌نى له‌ ژينگه‌ى سه‌خت و دژوارى كه‌مپه‌كاندا ژياوه‌. هێشتا ئومێدێكى ڕاسته‌قينه‌ بۆ گۆڕانێكى ئه‌رێنى له‌ دۆخ و ژيانياندا نييه‌. ناتوانن به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوو بڕوانن و چاره‌نووسیان ناڕوونه‌‌.

‎عێراق وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌، كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى وه‌ك هاووڵاتيى عێراقى، مافى زۆريان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌يه‌. پێويسته‌ عێراق زۆر له‌وه‌ زياتر خۆى له‌ هاووڵاتييه‌ ئێزدييه‌كانى به‌خاوه‌ن بكات. ئه‌ركى هه‌موومانە له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها ئه‌ركى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تييه‌ كه‌ هه‌رچى پێويست بێت و بكرێت، بۆ ئێزدييان بكرێت.

‎به‌رله‌ هه‌موو شتێك پێويسته‌ متمانه و ئومێد به‌ ئێزدييان ببه‌خشرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌سه‌ر خه‌رابات و وێرانه‌ى ڕابردووى تاڵيان، ژيانێكى نوێ دەستپێ بكەنەوە‌. ئه‌وه‌ ناكرێت ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌رى بۆ ئێزدييان به‌دى نه‌يه‌ت.

‎به‌ديهێنانى دادپه‌روه‌رى بۆ ئێزدييان، ته‌نيا به‌ سزادانى تاوانكاران و ئه‌نجامده‌رانى جينۆسايده‌كه‌ نابێت، به‌ڵكوو به ئاوڕلێدانه‌وه‌ و كاركردنى جددى بۆ ئێزدييان ده‌بێت كه‌ هه‌موو لايه‌ن و بواره‌كانى ژيانيان بگرێته‌وه‌. به‌ پێدانى دڵنيايى ده‌بێت له‌وه‌ى جارێكى تر ڕووبه‌ڕووى كاره‌ساتى ئاوا نابنه‌وه‌.

‎ئێستاش دواى يازده‌ ساڵ له‌ جينۆسايدی كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى، هێشتا ئەم كۆمەڵگەیە له‌ شۆكێكى قووڵدايه‌. شۆكێكى سه‌ختى ده‌روونى و كۆمه‌ڵايه‌تى كه‌ لێكه‌وته‌كانى تا ماوه‌يه‌كى درێژ به‌رده‌وام ده‌بن. ئه‌ركى هه‌موومانه‌ هاوكارييان بكه‌ين و يارمه‌تييان بده‌ين بۆ چاره‌سه‌ربوون و تێپه‌ڕاندنى ئازاره‌ ده‌روونييه‌كانيان. ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئێوه‌ى لێكۆڵه‌ر ده‌يكه‌ن، به‌شێكى گرنگى ئه‌و يارمه‌تى و هاوكارييه‌ ده‌بێت.

‎به‌ڕێزان،

‎ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ ئاماده‌ين بۆ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ پێشكه‌شكردنى هه‌موو يارمه‌تييه‌كى پێويست به‌ پێكهاته‌ى ئێزدى. پاراستنى فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن، ئه‌ركى له‌پێشينه‌ى هه‌موومانه‌ له‌ كوردستان و عێراق. فره‌يى و هه‌مه‌ڕه‌نگيى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، هێز و ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌، نه‌ك كێشه‌ و مه‌ترسى، ده‌بێ هه‌ميشه‌ كار بۆ پته‌وكردنيان بكه‌ين.

‎ئه‌مڕۆ ساده‌ترين مافى ئێزدييان ئه‌وه‌يه‌ هێنده‌ ئارامى و ئاسايش له‌ شوێن و ناوچه‌كانيان هه‌بێت، بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌. خزمه‌تگوزارييان هه‌بێت، بتوانن ڕوو له‌ زێد و شوێنيان بكه‌نه‌وه‌ و ژيانێكى نوێ ده‌ستپێ بكه‌نه‌وه‌.

‎بۆيه‌ پێويسته‌ ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى جێبه‌جێ بكرێت. چيتر ئێزدى و ناوچه‌كانيان گۆڕه‌پانى هێزه‌ ناياسايييه‌كان و يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌جێندا هه‌رێمييه‌كان نه‌بێت. بۆ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاماده‌ى هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌كين.

‎له‌ هه‌وڵ و كاره‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين هه‌تا ڕزگاركردنى دوايين ڕفێنراوى ئێزدى، هه‌روه‌ها بۆ به‌پارێزگاكردنى شه‌نگال و بۆ ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵكوژيى ئێزدييان به‌ شێوه‌يه‌كى فراوانتر له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بناسرێت‌. تاوانكاران سزا بدرێن و دادپه‌روه‌رى بۆ ئێزدييان به‌دى بێت، هه‌موو هاوكارى و يارمه‌تييه‌كى ماددى و ده‌روونى به‌ده‌ست بهێنن بۆ شياندنه‌وه‌ و بۆ تێپه‌ڕاندنى شۆكى ده‌روونييان.

‎سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، له‌ ناوچه‌كه‌ و لە جيهان به‌ هه‌ر شێوه‌يه‌ك بووبێت يارمه‌تيى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدييان داوه‌ و بەردەوامن و یارمەتییان ده‌ده‌ن.

‎هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوازم. هه‌موو پشتگيرييه‌ك له‌ كار و چالاكى و كۆنفرانسى له‌و جۆره‌ ده‌كه‌ين. ئێوه‌ كارێكى گرنگ و پێويست ئه‌نجام ده‌ده‌ن و خزمه‌تێكى گه‌وره پێشكه‌ش به‌ ئێزدييان ده‌كه‌ن. هیوادارم لەم ئەركەدا سەركەوتوو بن و بەردەوامیش بن.

‎بەخێر بێن..

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پارێزگاری بەسڕا دەکات

سەڵاح

سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى یانەى هەولێر، دەستیان لە کارکێشایەوە

یاسین

ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات

سەڵاح