رێبوار حهمهلاو شوانی
دوژمنان و نەیارانى کوردستان ، ئەگەر لە رابردوو و ئێستاشدا هەموو هەوڵێک و چەکیکیان بەکارهێنا بۆ ئەوەى گەلى کورد خاوەن ئازادى و شکۆمەندى و شوناس و هیچ دەستکەوتێک نەبێت ، ئەوەتا چەندین ساڵە لەگەڵ ئەوەى گەلى و هەرێمى کوردستان هەمیشە هەوێنى ئاشتى و پێکەوەژیان و سەقامگیرى بووە بۆ دراوسێ و عێراق و وڵاتانى ناوچەکە ، بەڵام بەردەوام کاریان لەسەر دروستکردنى ناکۆکی و ئاڵۆزى و تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتیی و نەتەوەیی ئەم قەوارەیە کردووە ، ئەگەر تا دوێنى فڕۆکە و تانک و جۆڕها فڕۆکە وچەکى کۆمەڵکوژ و ئەنفالى بەدناو بۆ لەناوبردن و لاوازکردن و بێ ئیرادەکردنى بەکار دەهێنرا , ئەوەتا ئەمڕۆ شێوازى دیکە بۆ دەستوەردان و لێکترازان و لێدانى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان و شکاندنى شکۆ و ئیرادەى ئەو گەلە ستەملێکراوە دەگەڕنە بەر .
هەموو ئەو رووداوانەى رابردوو و ئێستا بێ هۆکار و بێ پلان و بێ نەخشەدارێرژراو نین ، بەڵکو زۆر لە هۆکارەکان بۆ راستییەک دەگەڕێتەوە ئەویش لەباربردنى دەستکەوتەکانى کوردوکوردستان ، سوودوەرگرتنە لەو درز و کێشە وناکۆکی هەندێک لایەنى بەرژوەندیخواز و هەڵپەرست و کورسی پەرست ،تاکو چۆن ناحەزانى کوردستان بتوانن کاریان لەسەر بکەن و دواتر وەک ئامرازێک لەدژى بەرژوەندییە باڵاکانى گەلى کوردو بۆ تێکدانى ئاشتى وسەقامگیرى وپێکەوەژیانى کورد بەکاریان بێنەوە ، بۆیە ، کاتێک دوو خێڵ کێشەیەکى کۆنیان دەبێت ، کاتێک دوو بنەماڵە کێشەیان دەبێ ، کاتێک کێشەیەک لە نێوان خەڵک و دەزگەیەکى حکوومەت دەبێ، کاتێک بەرژوەندى حزبى و کەسى پێش بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتیمان بێت ، کاتێک پۆست و کورسیی و پارە خۆشەویستر بێت لە خاک و نیشتیمان ، کاتێک بە چاوى دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەین و هیچ هەست و سۆزێکى نەتەوەیی و نیشتیمانى لە نێوانماندا نامێنێت ، ئەو کاتە دوژمنان و داگیرکەران گۆڕەپانەکەیان بۆ والا دەبێت تا بە حەز و ویستى خۆیان یارى بە چارەنووسى ئەزموونەکەمان بکەن و درز و ناکۆکییان بقۆزنەوە بۆ لێدانى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان و دەستکەوتەکانى
دەمهەوێت بڵێم ، رووداوەکانى چەند ساڵى رابردوو و بە ئێستاشەوە لە دەڤەرى سلێمانى و هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى گشتى شەڕو ئاڵۆز و قەیرانە دەستکردەکان و شەڕى نێوان دوو خێڵ یان بنەماڵە بۆ دەستکەوتى ماددى یان پۆست و کورسى و زەوى و بابەتى ترى کەسى وایکردووە کە داگیرکەران و ناحەزانى گەلى کوردو و ئەم ئەزموونە بتوانن بە ئاسانى دەستوەردان لە کاروبارى هەرێمى کوردستان بکەن و زیان بە سەروەرى و شکۆمەندییەکانى بگەێنن ، چونکە کاتێک ئەو لایەنانەى چ لە ناو دەسەڵات و چ وەک ئۆپۆزسیۆن شانۆگەرى دەکەن ، بەڵام دەستیان هەیە لە کارى تێکدەرانە و دەبنە ڕێنیشاندەرى و چاوساغى نەیارانى کوردستان وبەدڵنییاییەوە هۆکارن بۆ دڵخۆشى دوژمنان و لاوازکردنى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان و ناشیرینکردنى شوناسى لە سەر ئاستى ناوخۆیی و دەرەوە .
بۆیە ، گرنگە ئەو راستییە بزانین پاراستنى ئەزموونى کوردستان بە هەموو دەستکەوت و شانازییەکانییەوە ، ئەرکێکى نەتەوەیی و نیشتیمانیی گشت هێزولایەنە کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرەکانە ، دەبێ یەکڕیزى و تەبایی بپارێزین ، بەتایبەتى کە ناوچەکە لە قۆناغى ئێستادا ڕووبەڕووى گۆڕانکارى و شەڕ و ململانێی زۆر بووەتەوە و ئەگەر شەڕ و نائارامى و هەرەسهێنانى ئێران و عێراق لە ئارا دایە ، بەتایبەت دواى زیادبوونى گوشارەکانى لەسەر میلیشیاکانى حەشد و سەردانى شاندى ئێران و ڕێککەوتننامەى ئەمنى نێوان عێراق و ئێران بۆ تێپەڕاندنى بە یاسایکردنى حەشد ، بە ئەگەرى زۆر عێراق و ئەو گروپانە ڕووبەڕووى هێرش زۆر ببنەوە و هەتا هاوپەیمانى شیعەکانیش لەو دۆخەدا هەڵبوەشتێتەوە و دۆخێکى نوێ لە عێراق بێتە ئاراوە ، هەروەها ڕەتکردەوەى دەیان کاندیدى شیعە و سوننە کە دەستیان لە تاوانى جۆراجۆر هەبووە و تۆمارن ، لە کاتێکدا لە رابردوو خاوەن پۆست و پێگە بوونە لە ناو دامەزراوەکانى حکوومەت و هەمووشیان لە سەر بە لایەنە سیاسییەکان و هەندێکیشان سەر بەحزبى بەعسى رووخاوەن و چاوەروان دەکرێت ئاڵۆزییەکى گەورە لە عێراق بێتە ئاراوە .
ئەوە دەمهەوێت ئاماژەى پێبکەم و گرنگە ، دەبێ لەم دۆخە هەستیار و چارەنووسسازەدا ، هەموو بەرژوەندى کەسى و حزبییەکان وەلاوە بنرێت ، ڕەچاوى گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ناوچەکە و دەوروبەرمان بکرێت ، بۆ ئەوەى گەلى کورد و ئەزموونەکەى لە پریشکى ئاگرى ڕووداوەکان بێ زیان بێت کە لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست روودەدەن و هەروەها بتوانێت دەستکەوتێکى گرنگى دیکە بۆ گەلى کورد بەدەست بهێنێت ، قەوارەى هەرێمى کوردستانیش پارێزراو بێت ، بۆ ئەم مەبەستە یەکڕیزى و تەبایی و هێمنى و ئاشتى و سەقامگیرى و ڕەچاوگرتنى بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان پێش هەموو بەرژوەندییەکى دیکە بێت
چونکە هەوڵى دوژمنان ئەوەیە لە ڕێگەى دروستکردنى ناکۆکیی و ئاژاوەنانەوە ، ئەوا گەلى کورد سەرقاڵ بکەن ، پێوستە چەک و جبەخانەکانمان بۆ بەرگریکردن بێت لە کوردو قەوارەى هەرێمى کوردستان ، پێوستە هەموو لایەنەکان بن سێبەرى یاسا بن و نەک چەک و کوشتن و پەڵاماردان بۆ دژایەتیکردنى یەکتر و یەکلاکردنەوەى کێشەکان بەکار بهێنرێت ، چونکە ئەمڕۆ هەموو دونیا و زڵهێزان و وڵاتانى دۆست کورد چاویان لەسەر هەرێمى کوردستانە و ناکرێت بە دروستکردنى گرژى و قەیران یارى بە چارەنووسى ئەم گەل و ئەزموونە بکرێت ، گرنگە وانەیەک لە رابردوو وەربگرێن و تەبا بین ، بەتایبەتى کە ئێستا کوردستان وەک دوورگەیەکى سەقامگیر و پڕ ئاشتییە لەناوچەیەکى ئاڵۆزدا و ئەرکى هەر کوردێکى نیشتمانپەوەر و کوردپەوەرە بیپارێزێت .

