هاوکات لەگەڵ قەیرانی ئاو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاستی ئاوی بەنداوی مەهاباد بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. هاووڵاتییانی شارەکە هۆکارەکەی بۆ کەمبارانی و نەبوونی پلانی دروست بۆ بەڕێوەبردنی ئاو دەگەڕێننەوە و هۆشداری دەدەن لە پیسبوونی ئاوی بەنداوەکە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی گوندەکانەوە.
یەکێک لە دانیشتووانی شاری مەهاباد بە ناوی حەسەن سەید هادی گوتی: “ئەمساڵ بەفر و باران زۆر کەم بوو، سەرەڕای ئەوەش بەرپرسان لە وەرزی بەهاردا ئاوی بەنداوەکەیان بەرداوەتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ، بێ ئەوەی پلانێکی دروستیان بۆ ئەم کارە هەبووبێت، لە کاتێکدا دەریاچەکەش خۆی بەرەو وشکبوونەوەی تەواو دەچێت.”
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی محەمەد گوتی: “ئەمساڵ ئاوی بەنداوەکە نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ مەتر کەمی کردووە. جگە لە کەمبوونەوەی ئاوەکە، ئاوەڕۆی گوندەکانی دەوروبەریش دەڕژێتە نێو بەنداوەکە و پیسی دەکات. ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چیتر بۆ خواردنەوە شیاو نابێت.”
پێشتریش ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەبارەت بە دۆخی ئاو لە پارێزگای ورمێ بڵاوی کردبووەوە، وشکەساڵی، کاریگەرییەکانی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنانی بێپلانی ئاوی ژێرزەوی، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی پارێزگاکەن.

