فاتیمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی سەروو ٦٠٪ی ئێران گوتی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندووە کە دەستیان بەو ماددانە ناگات.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا دوو بنکەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی لە فەردۆ و نەتەنز و هەروەها دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهان بۆمباباران کرد.
مانگی ڕابردوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەی “فاینەنشاڵ تایمز”دا گوتبووی کە ئاگاداری شوێنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە نییە. هەندێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیلی و ئەمریکایی پێیان وایە کە ئەو یۆرانیۆمە لەو بنکە ئەتۆمییانەدا بووە کە کراونەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕایگەیاندووە کە ئێران زانیاریی ڕوونی لەبارەی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەوە نەداوە و داوای زانیاریی تەواوی کردووە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە مۆحسین ڕەزایی، ئەندامی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم، لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووی کە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان بۆ شوێنێکی ئارام گواستراونەتەوە.

