ڕۆژی دووشەممە، ٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، پارێزگای هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا خەڵاتی زێڕین و قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشییە هونەرمەندی پەیکەرتاش، فوئاد عەلی.
رێوڕەسمەکە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی قوتابخانەکان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و هونەردۆستان بەڕێوەچوو.
فوئاد عەلی، کە ساڵانێکی زۆرە ژیانی خۆی بۆ هونەری پەیکەرتاشی تەرخان کردووە، بەوە ناسراوە کە لە ڕێگەی پەیکەرەکانییەوە چیرۆک و مێژووی کوردەواری دەگێڕێتەوە و کارەکانی لە هەر سوچێکی شار و وڵاتدا بوونەتە سیمبول.
ناوبراو نەک لە کوردستان، بەڵکو لە ئاستی ئەوروپا و بەتایبەت لە ئیتاڵیا کەسایەتییەکی ناسراوی بواری هونەری پەیکەرتاشییە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا بەڵگەفیلمێکی تایبەت بە ژیان و کارە هونەرییەکانی پێشکەش کرا و ڕێز لە خزمەتە بەنرخەکانی گیرا.

