ئومێد خۆشناو
ئەو كاتە میللەتێك خەباتی چەكداری و شۆڕشگێڕی دەكاتە رێگای گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكان كە مافە سەرەتاییەكانی لێ زەوت كراوە و ستەمی لێ بكرێت بۆ ئێمەی گەلی كورد كە مێژوویەكی پڕ لە داگیركاری و ماڵوێرانی و قوربانی دان بووە دوژمنان و ناحەزانی كورد بە ئارەزووی خۆیان دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە تاوەكو مێژووەكەی چەواشە بكەن و بیشێوێنن،بە تایبەتی مێژووی ڕاستەقینەی شۆڕشەكانی، لەم ڕوانگەیەوە بە تەنیا بیركردنەوە لەوەی كە شۆڕشی مەزنی ئەیلول لە دەرەوەی شۆڕشی گشتگیری نەتەوایەتی كورد بووە بەسە بۆ ئەوەی بڵێن ئەم بیركردنەوەیە بۆ خۆی پێویستە كە شۆرشێكی هزری بەسەر دا بكرێت، چونكە لە لایەك تێنەگەیشتنە لە چەمكی شۆڕش و عەقلیەتی شۆڕشگێڕی، لە لایەكی ترەوە چەواشە كردنی مێژووێكی هەستیاری گەلی كوردستانە بە گەواهی ئەو مێژوونووس و شارەزاییانەی لە ڕوانگەی بێ لایەنییەوە پرسە سیاسییەكان دەخوێنەوە لە پێوەری شۆڕشی گەلانی رۆژهەڵات شارەزان. دواتر بوونی سەركردایەتی رێبەری نەتەوەیی (بارزانی نەمر) وەكو نەخشە داڕێژەری ئەم شۆڕشە بە ئەستۆگرتنی رێبەرایەتی و سەركردایەتی شۆڕشەكە، خۆی لە خۆیدا گۆڕانێكی نەوعی گەورە بووە لە ڕوانگەی ئەم رێبەر و سەركردەیەی لە دایك بووی ڕەحمی كوردایەتی وهەڵقوڵاوی ناخی جەماوەر بوو واتە بەرپرسی یەكەمی ڕووداوەكان بوو، بە جۆرێك لەو ئان و ساتەدا هەم ئەركی قورستر بوو هەمیش ئەجێندای بەرفراوانتر بوو.
لە ساڵانی شۆڕشی ئەیلولی مەزندا لە ناوچە ئازاد كراوەكانی شۆڕشدا كۆمەڵێك دام و دەزگای كارگێڕی دامەزرا بۆ ڕایی كردنی كاروباری ڕۆژانە و وەكو دادگا و پەروەردە و كاروباری شەهیدان و بزاڤی رۆشنبیری و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان ئەوە دەرخەری ئەوەیە كە شۆڕشی ئەیلول تەنیا شۆڕشێكی چەكدار نەبووە، بەڵكو شۆڕشێكی گشتگیر بووە لە پەروەردە و ئاوەدان كردنەوە و بیری هۆشیاری، شۆڕشی ئەیلول خۆی لە خۆیدا قوتابخانەیەكی نەتەوەیی بوو كاریگەری ئەو شۆڕشە تا ئەمڕۆ بوونی هەیە ئەو نەخشە ڕێگایانەی بارزانی نەمر لە شۆڕشی ئەیلول بۆی دیاری كردووین دەیكەینە بنەمای ستراتیژی حكومڕانی ئێستا و ئایندەمان ئێمەمانان كە قوتابی ئەو ڕێبازە پیرۆزەین دەبینە پارێزەری ئەو دەسكەوت و ئامانجانەی كە ئەوێ رۆژێ (بارزانی نەمر) و پێشمەرگەكانی لە پێناویدا دەجەنگان تاوەكو ئەمڕۆش بەشێك لەوانەی پێشەنگی شۆرشی ئەیلولی مەزن بوون لە نێوماندا دەژین و دەرهاوێشتەكانی دوای ئەم شۆڕشە بە چاوی خۆیان دەبینن .
ئەم پاشخانەی (بارزانی نەمر)یش فاكتەرێك بوو بە مەبەستی خوڵقاندنی گۆڕانێكی ڕیشەیی بەر لە هەموو شتێك گیانێكی پڕ قەناعەتی بۆ پێویستی بزوتنەكە خولقاند و ئەم كاریگەریەش بۆ هەموو پارچەكانی تری كوردستان تەنیەوە و بڵاوبووە، بۆیە جموجۆڵی هزری كوردایەتی كردن، بیرۆكەی خەبات كردن لە پێناو سەندنەوەی مافە نەتەوەیەكان جۆش و خرۆشی خستە تێفكرینی هەموو تاكێكی كورد، هەر ئەمەش بوو كەوای كرد بە سەدان و هەزاران پیر و لاو بوونە پێشمەرگە و بە چەك و تفاقی خۆیانەوە بەشداریان لە شۆڕش كرد و ئەیلولی مەزن لە شۆڕشێكی دیاری كراوە وە بوو بە شۆڕشی سەرتاسەری گەلێكی ستەم دیدە و داگیراوی تێنوو بە هەناسەی ئازادی و گەیشتن بە سەربەستی و سەرفرازی.
لەم ڕوانگەیەوە ئەم شۆڕشە جیاواز لە هەموو شۆڕشەكانی دیكەی كورد و بزاڤەكەی قورسایی سیاسی خۆی هەبووە ڕەنگدانەوەی سیاسی گەورەی لێكەوتۆتەوە، چونكە پێداگیرییەكانی ئەم ڕابوون و شۆڕشە بنەما و لۆژێكی خۆی هەبوو، كە ئەویش لە پەرچە كرداری داگیركاری و سەركوت كردن و زەوت كردنی مافە نەتەوەییەكانی كورد بەرجەستە بوو بەو مانایەی ستراتیژیەتی شۆڕشی مەزنی ئەیلول گەرم گوڕی شۆڕشەكە بناغەیەكی بە تینی هەبووە واتە كاتێك دەبیستین و دەخوێنینەوە لەگەڵ دەست پێكی بانگی حەقبێژی ئەم شۆڕشە داستان و نەبەردییەكانی ئەوا لێشاوی پێشمەرگە لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان ڕوویان لە باشوری كوردستان كردووە بوون بە پێشمەرگەی بارزانی ئەمەش لە دوو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە. یەكەمیان بوونی سەركردەیەكی خاكی، جەماوەری وەكو (بارزانی نەمر) كە كاریزمایی خۆی بەسەر هەموو بەشەكانی تری كوردستان بە جێهێشتبوو، دووەمیان بڕوا بوون بە گوتاری یەكدەنگی و هاوخەباتی نەتەوایەتی بەوەی كە كورد یەك نەتەوەیە، بەڵام دوژمن دابەشی كردووە، كەواتە كوردیش وەكو گەلانی دیكەی جیهان پێویستە خودان سەروەری نەتەوەیی خۆی بێت.
كەچی بە داخەوە جار جار هەندێ ئاوازی ناشاز دەبیستین كە،حقدی خۆیان بە بێ لێكدانەوە و دوور لە خوێندنەوەیەكی واقعبینانە و بەبێ مۆراڵی و بە هەڵچوونێكی هستریا ئامێزەوە لە دژی گەورەیی و سەروەرییەكانی ئەم شۆڕشە مەزنە هەڵدەدەڕێژن و لە بایەخی كەم دەكەنەوە گوایە چەشنی شۆڕشەكانی دیكە ژیلەمۆی خێرا كوژایەوە بەبێ ئاگا لەوەی كە ئەو سەركردەیەی شۆرشی ئەیلولی هەڵگیرساند ڕۆحی ئەم میللەتە و ئەو پارتەیە كە ئەمڕۆ لە گۆرەپانەكەدا خەبات بۆ ئازادی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ دەكات و فریادرەسی ژێر دەستەكانە. لێرەوە پێویستە دان بەو راستیە دابنرێ كەوا (بارزانی نەمر) بە پێچەوانەی هاوكێشە سیاسییەكان كە باس لە سەروەری نەتەوە لە نێوان سیستەم و سەروەری سەركردە دەكەن، ئەوە (بارزانی نەمر) وەك چۆن لە یەك كاتدا كەسایەتی ئایینی و پێشمەرگە و سەركردەیەكی كاریزما و رێبەری شۆڕشێكی نەتەوایەتی ئازادی خواز بوو، چونكە ئەم زاتە كە زۆر جاریش ناوی بە سەركردەی ئەفسانەیی دەبردرێت بێ پەردە و ڕەهەندی سیاسی و سۆسیۆلۆژی خۆی بە پێشمەرگەكانی ئاشنا دەكرد، واتە پێوەری هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لەو زەمەنە دیاری كراوە دا ساتی هەڵگیرسانی شۆڕشەكە بوو بە فیعلی، كەواتە لە خوێندنەوەی ڕەخنەی چەمكی ئەو شۆڕشە پێویستە هەرەمەكیانە چاو لە حەقیقەتەكان دانەخەین، بەڵكو پێویستە ئاماژە بەو دیسپلینە پڕاگماتیەش بكرێ، كە سەركردایەتی شۆڕش نەخشەی بۆ كێشابوو نابێت شوێن پەنجەی هزری (بارزانی نەمر) لە رێبەرایەتی كردنی ئەم شۆرشە لە بیرخۆمان بەرین كە ئەجێندا و كاریزمایەكەی بڕبڕەی پشتی شۆرش بووە.
هەر ئەو شێوە بیركردنەوەیەی (بارزانی نەمر) بوو بۆ چارەنووسی كورد پەرەسەندنی ئەمڕۆی نەتەوەیی لێكەوتەوە، كەواتە دەربڕینێكی موحافیزكارانە نییە كە بلێن پێویستە رێبازی (بارزانی نەمر) و ئەو بنەمایانەی كە بووە هۆكاری هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە گەیشتن بە ئازادی و دادپەوەری وەك رێگای ستراتیژی و بنەمای حكومڕانی و خەباتی ئایندەمان بمێنێتەوە، چونكە ئەم رێبازە مۆركی نوێبوونەوەی بە ناوەڕۆكی خۆیەوە گرتووە، كە دەكرێ بەردەوام خوێندنەوەی تری بۆ بكرێ ئەمرۆش واقعی ناوخۆی پارتیش زۆر بە شەفافانە جێگەی ئیرەی ناحەزانیەتی ئەوانەی لە دێر زەمانەوە دەستیان خستۆتە قورقوراگەی بزوتنەكەیەوە و لە ئاست دەسكەوتەكانی سەرسام و ئیفلیج بوونە، كە دەبینن ئەو پارتەی (بارزانی نەمر) ئەلف و بێ یەكەی نووسیوەتەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەباتی بە گوڕتر دەبێت، زیاتر لەگەڵ چەمكەكانی نوێبوونەوە و دەوڵەتداری و دیپلۆماسییەت ئاشنایەتی پەیدا دەكات، ئەم پێوەرەش كیفایەتە بۆ وەڵامدانەوەی ئەوانەی دەیانەوێت حەقیقەتە مێژووییەكان چەواشە بكەن، ئەم حەقیقەتانەی پارتی لە تاقیكردنەوەیدا سەركەوتنی بە دەست هێناوە، چونكە سەرۆكەكەی كلیلی بڕیارەكانی بە دەستەوەیە واتە ئەمڕۆش ئەیلول بەردەوامە بە هەمان ناوەڕۆك، بەڵام بە ستایلێكی دیكە تا گەیشتن بە كەناری ئارام و سەربەخۆیی كوردستان سەوڵی كاروانەكەش لە چنگێكی ئەمین دایە،ئەویش درێژەپێدەری میتۆد و رێبازی بارزانی و لە دایك بووی هەناوی شۆڕش و كوردایەتی رێبەر و مەرجەعی باڵامان جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) یە بۆیە مێژووی هاوچەرخ و نوێ كورد لە ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ یەكەوە دەست پێدەكات و تا كەناری ئارام بە رێبەرایەتی سەرۆك و رێبەری نەتەوەییمان ( مەسعود بارزانی) بەردەوام دەبێت.

