zagros news agency

وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا لە یەپەگە دەکات بۆچوونی خۆی بۆ یەکپارچەیی سووریا ڕاگەیەنێت

حەقان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند کە ئەوان گرنگییەکی زۆر بە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەدەن و دەیانەوێت یەپەگە بە ئاشکرا ڕایبگەیەنێت کە نایانەوێت خاکی سووریا پارچە بکەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداریی سووریا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گرنگ دەزانێت بۆ شەرعییەتدان بە بەڕێوەبەرایەتیی نوێ و دەڵێت، هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریاش دوای دامەزراندنی حکوومەت، دووەم هەنگاوی گرنگە. حەقان فیدان گوتی، هەر شتێک لە سووریا ڕووبدات، ڕاستەوخۆ کار لە ئاسایشی تورکیا دەکات و گوتیشی: “پێویستە هەڕەشەکانی پارچەپارچەکردنی خاکی سووریا نەمێنن. پێویستە یەپەگە نیاز و هەڵوێستی خۆی دیاری بکات و لەگەڵ شام ڕێکبکەوێت… کێشەی درووزییەکان لە باشووری سووریا پێویستە بە ڕەزامەندیی هەردوو لا چارەسەر بێت.”
فیدان دەڵێت: “ئیسرائیل دۆخەکە تێکدەدات و پەیامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگەیەنێتە لایەنەکانی ناو سووریا… تورکیا ڕێگە بە پارچەپارچەکردنی سووریا نادات. ئەو شتانەی لەوێ ڕوودەدەن کار لە ئاسایشی ئێمە دەکەن.” فیدان هەڵگرتنی گەمارۆکان بە تەواوی بە گرنگ دەبینێت و دەڵێت: “کاتێک داهاتووی سووریا لەژێر هەڕەشەدا بێت، وەبەرهێنان و گەشەسەندنی ئابووری ڕوو نادات و پەنابەران ناگەڕێنەوە.” فیدان دەڵێت ئەوان بە داهاتووی سووریا گەشبینن و گوتیشی: “هێزی ڕێبەرایەتیی تورکیا، ئەزموونی دیپلۆماسی و پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ سووریا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گرنگە.”
لە لایەکی دیکەوە، چەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتیی دیاربەکر، لە وتارێکیدا لە پەرلەمان سەرنجی خستە سەر پرۆسەی ئاشتی و دۆخی ڕۆژاوای کوردستان.
چەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، گوتی: “لە دۆخێکی وادا، هەر کەسێک بە هەسەدە بڵێت ڕێکخراوی تیرۆریستی، ئەوە بزانن دژی پرۆسەکەیە و دەیەوێت پرۆسەکە تێک بدات. پێویستە بزانرێت کوردەکان دەربارەی هەسەدە زۆر هەستیارن. داوای دانانی چەک وەک خۆبەدەستەوەدان دەبینرێت. بۆ ئەمەش پێویستە تورکیا لە سووریا پشتیوانیی دیالۆگی لایەنەکان بکات و لە جیاتی بێڕێزی، خاوەندارێتییان لێ بکات.”
چاندار سەرنجی خستە سەر وتاری سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەرلەمان کە گوتبووی تورکیا بۆ کوردەکانی دەرەوەی سنوورەکانی خۆشی پارێزگاریی دڵسۆزە. چاندار دەیەوێت زمانی بەرانبەر کوردانی ڕۆژاوا لەم ئاراستەیەدا بگۆڕدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری رۆشنبیری و لاوان: هەمیشە پیشتیوان و هاوکاری هونەرمەندان دەبین

ART

عه‌باس غه‌زالی: دکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی لە کۆمەڵگەی زانستیی کوردستاندا جێگەیەکی تایبەتی هەیە

ART

داهاتی “Poor Things” لە سینەماکانی جیهاندا

ART