پەیوەست بە هەواڵی كەمكردنەوە و پێنەدانی مووچەی سوپا و چەكدارانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، وەزارەتی دارایی عێراق روونكرنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە.
چەند رۆژێكە بە فراوانی دەنگۆی كەمكردنەوە و راگرتنی مووچەی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بڵاو كراوەتەوە. لەمبارەیەوە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئەو هەواڵانەی رەت كردووەتەوە كە باس لەوە دەكەن لە مانگی داهاتووەوە مووچە كەم دەكرێتەوە.
وەزارەتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە و جەختیش دەكاتەوە: “بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و هاندانی ئاژاوەیە لە نێوان هاووڵاتیاندا.”
وەزارەتی دارایی ڕوونی دەکاتەوە کە : “مووچە بەپێی یاسا و خشتەی کاتی پەسەندکراو دەدرێت، ئەركی خۆمان بەرامبەر فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان جێبەجێ دەكەین.”
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیاندراوەكەدا هەڕەشەی ئەوەشی كردووە كە ئەو کەسانەی ئەم جۆرە هەواڵە بڵاو دەكەنەوە، ڕووبەڕووی یاسا دەكاتەوە.

