zagros news agency

بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دیداری پێکەوەژیان بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە سەرپەرشتی وەزیری هەرێم بۆ پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف و بە ئامادەبوونی نامق هەورامی، نوێنەری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دیداری پێکەوەژیان بەڕێوەچوو.

دیدارەکە لە میوانخانەی دیدەمان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەت، نامق هەورامی، بە نوێنەرایەتیی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بەشداری کرد.

لەو چوارچێوەیەدا، نامق هەورامی، تیشکی خستە سەر کارنامەی وەزارەت لە پێناو قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان و خزمەتکردنی کولتوور و ڕەسەنایەتی پێکهاتەکان و ڕایگەیاند، وەزارەت چەندین بڕیار و هەنگاوی گرنگی بۆ خزمەتی کولتووری پێکهاتەکان گرتووەتەبەر.

گوتیشی: لە پەیکەری وەزارەتدا، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پێکهاتەکانی کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەن و تورکمان دامەزراون و یاد و بۆنە گرنگ و کولتوورییەکانی ئەو پێکهاتانە بە فەرمی دەستنیشان کراون لەوانە ڕۆژی ڕۆژنامەگەرییان و ڕۆژی زمانی دایک.

هەروەها گوتی: ئەو بەڕێوبەرایەتییە تایبەتمەندانە چەندین چالاکی و فێستیڤاڵی کولتووریان لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری کولتوور و هونەر و ڕۆشنبیری خۆیان بەڕێوەبردووە و گۆڤار و بڵاوکراوەی تایبەتیان هەیە بۆ خزمەتکردنی زمانی ڕەسەنیان.

هەر لە دیدارەکەدا، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە کۆی ئەو 9 ناوچەیەی نەتەوەیەکگرتووەکان تێیاندا چاودێری ڕەوشی ژیانی پێکهاتەکان دەکات، باشترین و ئارامترین شوێنە بۆ پێکەوەژیان و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

فیلمی “Elio” لە یەک رۆژدا سێ ملیۆن دۆلار بەدەستدێنێت

ART

داهاتی “Nosferatu” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

داهاتی بەشی نوێی “The Lion King” لە سینەماکاندا

ART