ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پارێزگای هەولێر ئامادەکاری بۆ جەژنی رەمەزان دەکات

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.4.2، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ئامادەکارییەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە (قائیمقامی ناوەند، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەرانى گشتیی گەشت و گوزار، تەندروستیى، بەڕێوەبەرانی پۆلیس، پۆلیسى هاتوچۆ، کاروباری ناوخۆ، خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى، نوێنەرانی ئاسایش، ئاسایشى بازگەکان و چەند لایەنێکى دیکە) ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە سەرجەم لایەنەکان کرد بۆ جێبەجێکردنى ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی پارێزگاى هەولێر کە بۆ پێشوازیکردن لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان داڕێژرابوون، هەروەها دەستخۆشى لە تیمەکانى قائیمقامیەت و تەندروستى و بازرگانى کرد، لە بەرامبەر چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و هەڵمەتى پشکنین و دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و ده‌رمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو و تەئکیدی لە بەردەوامیدان بە چاودێریکردنی بازاڕ کردەوە و لیژنەکانی ڕاسپارد ئیجرائاتى توند لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخ لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن، یاخود دەیانەوێت جەژن بقۆزنە و یاری بە بازاڕ و نرخى کاڵا و کەل و پەل و پێداویستییەکان بکەن.

پارێزگارى هەولێر، هەروەها دەستخۆشى لە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان (پێشمەرگە، زێرەڤانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ)کرد لە بەرامبەر پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و ئاماژەى بەوەدا کە بە هەوڵ و ماندووبوون و توانا و چاووکراوەیی ئەوان لە هەولێر توانراوە تاڕادەیەکى زۆر باش ڕێژەى تاوان کەمبکرێتەوە.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە ئەنجامدانى سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی، پارێزگاری هەولێر، هەموو پاڵپشتیەکی پارێزگاى هەولێرى بۆ شارەوانى دووپاتکردەوە و جەختى لەوەکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لەو کەس و لایەنانە بکرێت کە سەرپێچی و زێدەڕۆیی دەکەن سەر موڵکی گشتیی، بەتایبەتى ئەوانەى کە لە ڕۆژانى جەژن و پشووەکان دەیانەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و سەرپێچى و زێدەڕۆیى ئەنجامبدەن.

سەبارەت بە چوونە سەیران و گەشتیى هاوڵاتییان لە ڕۆژانى جەژن، پارێزگارى هەولێر، پۆلیسى هاتووچۆ و هێزە ئەمنیەکان و بازگە و تیمە تەندروستییەکانى ڕاسپارد، بەپێى پلان و بەرنامەیەکى تۆکمەى هاوبەش هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەڕ تاکو لە ڕێگا سەرەکییەکان کەمترین قەرەبالغى دروست بێت و هاوڵاتییان بەبێ هیچ گرفتێک لە سەیرانگاکان کاتەکانیان بەسەر ببەن و سەلامەتبن لە کاتی چوون و گەڕانەوەیان، هەروەها جەختى لەوەکردەوە کە پۆلیسى دارستان و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزانیش لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان، لە ڕۆژانى جەژن لە پێناو هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتییان بۆ پاک ڕاگرتن و پاراستنی ژینگە و شوێنە گشتییەکان لەئەرکدابن و داواشى لە هاوڵاتییان کرد هاوکار و هەماهەنگى تیمەکان و پابەندى ڕێنماییەکان بن و پاک و خاوێنى ژینگە بپارێزن.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزاری راسپارد، لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان جگە لە چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی ئەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران کە لەڕۆژانى جەژن ڕوو لە شارى هەولێر دەکەن، لیژنەى تایبەت بۆ چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان پێکبهێنرێت و بە پێى میکانزمێکى گونجاو (سەمونخانە و فرنەکان، خواردنگە و چێشتخانەکان) لە ڕۆژانى جەژن کراوەبن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە

یاسین

شەمەندەفەرێک لە ڕێگەی تاران- باشوور لە سکە دەرچوو

سەڵاح

شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ تێكشكێنرا

سەڵاح