ئەمرۆ یەکشەممە، 26ـ10-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چوارچێوەی گەشتەکەی ئاسیا و دوای گەیشتنی بە مالیزیا، واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا کرد.
دۆناڵد ترەمپ، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات، ڕایگەیاند، “لەماوەی ئیدارەکەمدا، کۆتاییمان بە هەشتەمین جەنگ هێنا”.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی “سەرکەوتوو بووین لە کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا، پیرۆزبایی لە سەرکردەکانی هەردوو وڵات دەکەم بە بۆنەی ڕێککەوتنی ئاشتی.”
ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، ئامانجمان وەستاندنی جەنگەکان و بەهێزکردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانییە.
ڕێککەوتنەکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی تایلاند ئانوتین چارنڤیراکویل و سەرۆک وەزیرانی کەمبۆدیا هون مانیت واژۆ کراوە.
ترەمپ بۆ ڕازیبوونی هەردوو وڵات بە ڕێککەوتنی ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگ، کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس. هەڕەشەی زیادکردنی باجی لێکردوون.
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ لە گەشتەکەی بۆ ئاسیا بەردەوام بێت و دوای مالیزیا سەردانی هەریەک لە وڵاتەکانی ژاپۆن و چین بکات و لەگەڵ سەرۆکی چین شی چینگپینگ کۆببێتەوە و دۆخی بازرگانی نێوانیان تاوتوێ بکەن.

