بڕیارە سبەی پێنجشەممە 30/10/2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەست پێبکات و مەسرور بارزانی یەکەم دار بچێنێت.
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ژینگەپارێزییە گەورەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە بۆ داپۆشینی چواردەوری هەولێری پایتەخت بە بەربەستێکی زیندووی دار و سەوزایی و ژینگە داڕێژراوە.
پڕۆژەکە ڕووبەرێکی فراوان دەگرێتەوە کە درێژییەکەی 82 کیلۆمەتر و پانییەکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، ئامانجی کەمکردنەوەی بەبیابانبوونی دەشتایی و پاكبوونەوە و باشترکردنی کوالێتیی هەوا و زیادکردنی کەشی سروشتیی هەولێرە.
بە گوتەی بەرپرسانی پڕۆژەکە، لە ئێستاوە کار لەسەر بەشی یەکەم دەستی پێکردووە کە چوار هەزار و 300 دۆنم لەخۆ دەگرێت، لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، سێ ملیۆن داری زەیتوون دەچێندرێن.
ئێستا تیمەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردن بۆ چاندنی دار و درەخت، ئەمەش پێشەوەچوونێکی گەورەیە لە گەشەپێدانی پشتێنەی سەوزایی.
بڕیارە سبەی سەرۆکی حکوومەت ئەم پڕۆژە گەورەیە بکاتەوە و یەکەم داری ئەم پڕۆژەیە بچێنێت، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا سێ هەزار دار هەر سبەینێ دەچێندرێن.
شەو و ڕۆژ كارەكان بە بەشداریی دەستی کاری ناوخۆیی بەردەوامن، ئەمەش زیادکردنی هەلی کارە و بە سەدان خەڵک لەم پڕۆژەیەدا دەست بەکار دەبن، پڕۆژەکە لەژێر چاودێریی شارەزایانی ژینگەی ناوخۆیی و جیهانیدا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش دڵنیایی لە پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی شێوازە زیرەکەکانی ئاودێری دەدات.
ئامادەکردنی زەویی بەشی یەکەم بە سەرکەوتوویی تەواو بووە، چاندن بە دار زەیتوونەکانی یۆنانی دەست پێدەکات، ئەم دارانە بەهۆی خۆڕاگری و بەهای ئابووری و بەشداریکردنیان لە هاوسەنگیی ئیکۆلۆژیدا هەڵبژێردراون.

