فازڵ میرانی
خووشك و براكانم:
دەنگی ئێوە لەگەڵ ئێمەدا، ئێوە دەكات بە بەشداربوویەكی سەرەکی لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانیدا.
لەگەڵ ئێمەدا، هێزێکی کاریگەر دەبن لە هاوسەنگیی دەسەڵاتێكی دادپەروەر و دەنگەکەت ناهاوسەنگی ڕاست دەکاتەوە.
دەنگتان، ئەوانە لادەدات کە دەستكاری ئێستا و داهاتووی هاوبەشمان دەکەن.
ئێوە، دەبنە قوڵایی دەوڵەت و دەسەڵاتیش لە خزمەتتاندا دەبێت.
دەنگدانتان بە ئێمە، ئامادەیی و کاریگەرییەکی زۆرترمان پێ دەدات، لە بڕیاردان و بنیادنانی عێراقێکی سەلامەت و كاراكردنی ئەو بەربەستانەی دەبنە هۆكاری ڕێگرتن لە ڕاكێشانی وڵات، بەرەو قۆرخكاری ئەجێندای پاشكۆیەتی.
بە دەنگی ئێوە و بەوەی دەنگ بە کێ دەدەن، ڕێڕەوی عێراق ڕوون دەبێتەوە، ئایا بەئاگا دێتەوە و خۆی لە پاشماوەی وێرانییەکە ڕادەتەکێنێت، یان بەرەو ونبوون و سەرگەردانی زیاتر دەڕوات.
خوشكان، برایان:
ئێوە بینەرن، هەستی پێ دەکەن و دەبیستن کە چی لە دەوروبەرتانە.
ئێوە شایەدحاڵی وردەکارییەکانی ژیانی خۆتانن.
ئێوە شایەنی باشترینن.
لەگەڵ ئێمە و زیرەكیی و بازووی ئێوە، باشترین دروست دەکەین.
باشترین بۆ کێڵگەکانمان دەكەین.
چارەسەری کێشەی کەمئاویی دەکەین.
هەروەهاش پێکەوە ڕێگری لە کۆچی هاووڵاتییانمان دەکەین.
کار دەکەین بۆ دەستەبەركردنی ژیانێک، کە هەڕەشەی لەسەر نەبێت لەلایەن ئەو هێزانەوەی دەیانەوێت بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگری و لێپرسینەوەیەک هەبێت، باڵادەستبن بەسەر چارەنووسی خەڵکدا.

