zagros news agency

ئێران پەیامی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پێگەیشتووە

 

فاتمە موهاجیرانی، وتەبێژی حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پێگەیشتووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی دەربڕیوە، بەڵام مەرجەکانی واشنتنی بە قبووڵنەکراو ناوبردووە.
موهاجیرانی ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خەزەڵوەر (٢ی تشرینی دووەم)، بە ئاژانسی هەواڵیی خوێندکارانی ڕاگەیاند کە لە دەرفەتێکی تردا وردەکاریی زیاتر لەبارەی “چۆنیەتی و چەندێتی”ی ئەو پەیامانەوە دەخاتە ڕوو. وتەبێژی حکوومەتی مەسعوود پزیشکیان، ڕۆژێک دوای ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، ئامادەیی بۆ دانوستان دەربڕی، هەواڵی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکای ڕاگەیاند. عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند کە ئێران ئامادەیە بۆ دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی، بەڵام دانوستان لەسەر پرۆگرامی مووشەکی و ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕەت کردەوە. عێراقچی گوتی: “ئیمکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە هەیە، بەڵام واشنتن مەرجی قبووڵنەکراو و مەحاڵی خستووەتە ڕوو.” بەدر ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، کە پێشینەی چەندین جار میوانداریکردنی تاران و واشنتنی بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان هەیە، ڕۆژی شەممە لە کۆنفرانسێکدا لە مەنامە، پایتەختی بەحرەین، داوای لە هەردوو وڵات کرد کە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان. ئێران دژایەتیی دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و وڵاتی عومان ناوبژیوانی نەریتیی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکایە.

هەواڵی پەیوەندیدار

قادر حه‌سه‌ن بۆ زاگرۆس: بڕیاری سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌هاناوه‌چونی  چه‌مچه‌ماڵ ده‌ری خست ژیان و سەلامەتیی هەر تاکێکی ئەم نیشتمانە لە سەرووی هەموو ئەولەویەتێکەوەیە

سەڵاح

دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو

سەڵاح

میدیاكانى ئیسرائیل: له‌ هێرشێكدا باوكى حه‌سه‌ن نه‌سروڵا كوژرا

یاسین