عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن سەر ناگرێت، ئەگەر ئەمریکا دەست لە پشتیوانیی ئیسرائیل هەڵنەگرێت و بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە نەکشێنێتەوە. ناوبراو دروشمی “مردن بۆ ئەمریکا”ی بە لێکدانەوەیەکی سادە دانا و جەختی کردەوە ئەمریکا تەنیا خۆبەدەستەوەدانی ئێرانی دەوێت و ئەمەش هەرگیز ڕوو نادات.
خامنەیی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کێشەی سەرەکیی نێوان ئێران و ئەمریکا، پشتیوانیی واشنتنە لە ئیسرائیل. ناوبراو گوتی: “تا ئەو کاتەی ئەمریکا دەست لە پشتیوانیی ئەو ڕژێمە هەڵنەگرێت و بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە نەکشێنێتەوە، پەیوەندیی ئێران و ئەمریکا سەر ناگرێت، ئەمەش بۆ ئێستا و داهاتووی نزیکیش نالوێت.”
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە ئایا پەیوەندیی ئێران و ئەمریکا تا ئەبەد نابێت، و گوتی: “زاتی سەرەڕۆیانەی ئەمریکا بێجگە لە خۆبەدەستەوەدان بە هیچی دیکە ڕازی نابێت. هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا ئەوەیان ویستووە، بەڵام دەریاننەبڕیوە، بەڵام سەرۆککۆماری ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) ئاشکرای کرد دەبێ ئێران خۆی بەدەستەوە بدات.”
خامنەیی جەختی لەوە کردەوە، خۆبەدەستەوەدانی گەلێک، بەتایبەت گەلێکی خاوەن توانایی و سامان و پێشینەی هزری و زانیاری و گەنجانی هۆشیار، هەرگیز ڕوونادات.
لە کۆتاییدا، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە “هاوکاری لەگەڵ ئێران، هاوکات لەگەڵ هاوکاریی ڕژێمی زایۆنیی مەلعوون یەک ناگرێتەوە. ئەگەر بەتەواوی دەست لە پشتیوانیی ڕژێمی زایۆنی هەڵگرێت و بنکە سەربازییەکانی لەم ناوچەیە کۆ کاتەوە و دەست لە کاروباری ناوچەکە وەرنەدات، ئەوکات دەکرێت بابەتەکە تاوتوێ بکرێت، ئەوەش بۆ ئێستا نییە، بۆ داهاتووی نزیکیش نییە.”
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

