ئەمرۆ یەکشەممە، 9ـ11-2025، مەنسور بارزانی، فەرماندەیی لەشکری یەک و گوڵان، دوای ئەوەی لەزاخۆ دەنگی خۆیدا، قسەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و گوتی: من وەکوو پێشمەرگەیەکی هەرێمی کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، لە ڕۆژی 11ـی 11 پێشمەرگە بن. چونکە هەر وەختێک هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەرگریی هەبووبێت، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگریی کردووە.
ڕاشیگەیاند، “ئەو ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ماندووبون و قوربانیدانی پیشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەیە”.
مەنسور بارزانی خەجتیشی کردەوە، هەرکات هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەرگریی پێشمەرگە هەبووبێت، پێشمەرگە لەبەرەی پێشەوە بوو، ئەوکاتەی پێویستی بەدەنگی پێشمەرگەش بووبێت، دیسانەوە پێشمەرگە پێشەنگە و ئامادەیە بەباشترین شێوە بەشداریی بکات و بچێتە سەر سندووقی دەنگدان.
راشیگەیاند، پێشمەرگە ئەو نوێنەرانەی خۆیان متمانەیان پێیەتی هەڵیدەبژێرن، بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، تاوەکوو ئەو مافانەی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا هاتووە و پێشێلکراوە بەدەست بهێننەوە، پەیامیشم بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە لە ڕۆژی 11ـی 11 پێشمەرگە بن و دەنگ بەوانە بدەن کە باوەڕیان پێیەتی.

