zagros news agency

عوسمان بایدەمیر: چارەسەری کێشەی کورد یەکڕیزییە

 

ئەمڕۆچوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، لە میانەی وتارێکیدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس)، عوسمان بایدەمیر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا، جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد کردەوە وەک کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان و داوای کرد هەولێر ببێتە ناوەندێکی نوێی دیپلۆماسی بۆ ناوچەکە.

بایدەمیر وتارەکەی بە دەربڕینی سوپاس و خۆشحاڵی دەستپێکرد بۆ ئامادەبوونی لە کوردستان و وتی: “هەزار جار شوکر بۆ یەزدانی میهرەبان کە ئەمڕۆ بوومە شایەدی ئەم وێنەیەی کە حەسرەتی هەموو میللەتی کورد و کوردستانە.”

ناوبراو لە پەیامە سەرەکییەکەیدا ڕایگەیاند کە دەرد و ئازاری کوردان لە ئەنجامی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ بووە، بەڵام بەهۆی “بەرخۆدانی کۆبانێ و گیانفیدایی شەهیدانی کورد و کوردستان، ئەو کفنە دڕا.”

“یەکڕیزیی ناوخۆیی دەرمانی ئێمەیە”

بایدەمیر بە توندی جەختی کردەوە کە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەکانی کورد “تەبایی ناوخۆییە” و ڕوونیکردەوە کە ئەم یەکڕیزییە هەڕەشە نییە بۆ هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ. لەمبارەیەوە وتی: “تەبایی ناوخۆیی نەک لە دژی ئەنقەرە، بەغدا، شام و تارانە، بەڵکو کاتێک ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک دێت، برا تورک و عەرەب و فارسەکانیشمان لەگەڵ ئێمە دەگەنە دیموکراسی و ئارامی.”

هەولێر، جنێڤی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی وتارەکەی بایدەمیر، پێشنیازکردنی هەولێر بوو وەک پایتەختێکی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە. ئەو پرسیاری کرد: “ئایا جنێڤ دوورە یان هەولێر؟ براکانم، هەولێر لە جنێڤ نزیکترە.”

ئەو هیوای خواست کە هەولێر بتوانێت ڕۆڵی “پردێک لە نێوان قامیشلۆ و ئەنقەرەدا” ببینێت و ببێتە “ژنێڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن.

بایدەمیر سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ڕێکخستنی کۆڕبەندەکە. هەروەها سوپاسی مەزڵووم عەبدی و شاندی یاوەری کرد کە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتبوون بۆ کۆڕبدنەی مێپس.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەرلەمانتاری عێراقی: زۆر بوونی ڕیژەی دانیشتووان زیانبارە

یاسین

بایرن میونشن داوای یاریزانێکی مانچێستەر یونایتد دەکات

یاسین

ئەمریکا: پڕۆژەی ئاشتیی غەزە چووە قۆناغی دووەمەوە

سەڵاح