فاتیمه موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا ڕایگەیاند کە “لە دید تارانەوە، ساڵی ٢٠٢٥ بڕیارنامەی ٢٢٣١ کۆتایی هاتووە، بۆیە مامەڵە ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر پارێزگاریدایە”. موهاجیرانی ئاماژەی بە سیاسەتی حکوومەت سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد و گوتی: “شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئاژانسەکە بەپێی ئەو یاسایانە دەبێت کە پەرلەمان دیارییان دەکات”.
بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی (بە واتا: بەرجام) دەرچوو، لەکاتێکدا هەندێک سزای نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ هەڵدەگرت، هەندێک سنووردارکردنیشی لەسەر چالاکییە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران دانابوو.
هەفتەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن (شورای حکام)ی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دەرکرد و داوای لە ئێران کرد “بە تەواوی و بە خێرایی” هاوکاریی لەگەڵ ئەم دامەزراوەیە بکات و زانیاریی ورد سەبارەت بە یەدەگی یۆرانیۆمی پڕپیتکراوی خۆی پێشکەش بکات و دەستڕاگەیشتنی پشکنەران بۆ سایتە ئەتۆمییەکان ئاسان بکات. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە پەرلەمانی ئێران لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا بڕیارنامەیەکی پەسەند کردووە بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیارنامە نوێیەکەی ئاژانسەکەی بە “نایاسایی و بێبنەما” ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە تێگەیشتنی ٩ی ئەیلوولی لەگەڵ ئاژانسەکە هەڵوەشاندۆتەوە.

