zagros news agency

هەڵکشانی نرخی دۆلار و زێڕ لە ئێران، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دژی دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و زیادبوونی ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی کانوونی یەکەم، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکایی لە ئێراندا جارێکی تر ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و تا نیوەڕۆی ئەم ڕۆژە گەیشتە ١٢٠ هەزار و ٨٠٠ تمەن. ئەم دابەزینە نوێیەی ڕیاڵی ئێرانی تا ١.٢ ملیۆن بەرانبەر بە یەک دۆلاری ئەمریکایی، گوشار لەسەر نرخی خۆراک و تێچووی دیکە زیاد دەکات، کە ژیانی ڕۆژانەی ئێرانییەکانی سەختتر کردووە.
لە بازاڕی دراوی فیردەوسیی تاراندا، جگە لە دۆلار، نرخی دراوەکانی دیکەش بەرز بووەوە. بەهای پاوەندی ئینگلیزی گەیشتە ١٥٩ هەزار و ٦٠٠ تمەن، یۆرۆ گەیشتە ١٤٠ هەزار و ٣٠٠ تمەن، درهەمی ئیمارات گەیشتە ٣٢ هەزار و ٨١٠ تمەن، لیرەی تورکی گەیشتە دوو هەزار و ٩٠٠ تمەن، یوانی چینی گەیشتە ١٧ هەزار و ٧٠٦ تمەن، و دۆلاری کەنەدایی گەیشتە ٨٦ هەزار و ٤٠٠ تمەن..
هاوکات، بازاڕی زێڕیش ڕۆژی چوارشەممە گەشەیەکی بەرچاوی نرخەکانی بە خۆیەوە بینی. بە جۆرێک کە هەر گرامێک زێڕی ١٨ عەیار لەم ڕۆژەدا بە ١٢ ملیۆن و ٣٣٣ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کرا، نرخی سکەی ئیمامی لە ١٢٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن تێپەڕی، سکەی بەهار ئازادی گەیشتە ١٢١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن، و نیوە سکە و چارەکە سکەش بە ڕیز ژمارەی پێوانەیی ٦٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنی و ٣٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنییان تۆمار کرد. ئەم بازاڕە نیشانەی فشارە دەروونییەکانە کە لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەگەڵ فراوانبوونی وەبەرهێنانەکانی ڕژێم لە پڕۆژەکانی مووشەکی، ئەتۆمی و پشتیوانیی گرووپە نیابەتییەکاندا.
گزارشی نوێی ناوەندی ئاماری ئێران دەربارەی ڕێژەی زیادبوونی نرخی کاڵا خۆراکییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، بە بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئاشکرای کرد کە تەماتە تەنها لە ماوەی یەک مانگدا ٤٣.١% گرانتر بووە. کشمیش، لیمۆ و سێویش بە ڕیز بە زیادبوونی نرخ لە نزیکەی ١٤.٢% تا ١٣.٣% لە ماوەی یەک مانگدا، لە پلەکانی دووەم تا چوارەمدا بوون. شووتی و فلفڵی دۆڵمە و کولەکەش بە ١٣.١% و ١٠.٧% زیادبوونی نرخ، کاڵا خۆراکی و بنەڕەتییەکانی دیکەن کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا نرخیان زیاتر لە ١٠% زیاد بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان لە ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئامار و بانکی ناوەندیدا بە گشتی کەمتر لە نرخی ڕاستەقینەیان لە بازاڕ و فرۆشگاکاندا تۆمار دەکرێت. سەرەڕای ئەمە، هەر هەمان داتایەکان نیشان دەدەن کە برنجی ئێرانی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا تا نزیکەی ٣٧٠ هەزار تمەن فرۆشراوە و بە بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، زیاتر لە ١٠٠ هەزار تمەن نرخی زیاد بووە. هەڵاوسانی نرخی برنجی ئێرانی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە نزیکەی ١٦٤.٥%. بە پێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئامار، میوە و وشکەباریش لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ١٠٨% و جۆرەکانی خۆراکیش بە تێکڕا ٦٦.٢% گرانتر بوون. لە بەرانبەردا، تێکڕای مووچەی فەرمانبەران و کرێکارانی ئێرانی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا تەنها ٢٠% زیاد کراوە؛ کەلێنێکی ئاشکرا کە وێنەیەکی ڕوون لە بچووکبوونەوەی ژیانی ئێرانییەکان و زیادبوونی قەیرانی بژێوی پیشان دەدات.
یەکێک لە دانیشتووانی تاران ڕۆژی ٣ی کانوونی یەکەم بە ئیندیپێندێنتی فارسی گوتووە: “هەر جارێک دەچمە فرۆشگا یان میوەفرۆشی و بازاڕ، لە گرانبوونەکان دەگریم. مافی ئێمە ئەم دۆخە نەبوو. هەر کاڵایەک بیرت لێ بکەیتەوە، ڕۆژانە نرخی زیاد دەکات. هەر ئێستا لیمۆ شیرین کیلۆیی ١٨٠ هەزار تمەن، سێوی زەرد ٢١٠ هەزار تمەن، هەنار ١٦٥ هەزار تمەن، کیوی ١٩٠ هەزار تمەن و کیلۆی پڕتەقاڵ و نارنج و خاڵخاڵۆکە کە ئێستا وەرزیانە و بە گشتی دەبێت هەرزان بن، هەموویان لە ١٣٠ تا ١٧٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێن. ئایا بەم نرخە دەکرێت ژیان بکرێت؟ گۆشتی سوورمان ماوەی چەند مانگێکە لە ژیانماندا نەماوە. خۆیان (بەرپرسان) کە ملیار ملیار پارە بەرز دەکەنەوە و هیچ خەمێکیان نییە، بەڵام ئێمەی خەڵک… تا کەی دەبێت شەرمەزاری ژن و منداڵمان بین؟”.
ڕاپۆرتی فەرمیی نوێی نرخی ٧٦ جۆر کاڵای بنەڕەتی، نیشان دەدات کە بەهای گۆشتی سوور لە ئێراندا ٨٥% بازدانی کردووە و هەر کیلۆیەک فیلەی مەڕ زیاتر لە ١.٥ ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت، کە بە تێکڕا سێ ئەوەندەی داهاتی ڕۆژانەی کرێکاران و فەرمانبەرانە لە ئێراندا. وێبسایتی “خەبەرئۆنلاین” لە ئێراندا ڕۆژی چوارشەممە نووسی: “نرخی شانە هێلکە لە بازاڕی تاران و پارێزگاکان گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار تمەن و بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو، بازدانێکی زۆری کردووە. بەرهەمهێنەران کەمبوونەوەی ئالیکی ئاژەڵ و زیانە کۆکراوەکانی وەرزی گەرما بە هۆکارەکەی دەزانن، بەڵام ئەم زیادبوونە کە هێلکەی لە خۆراکی هەژارانەوە کردووەتە کاڵایەکی لوکس، ڕەخنەیەکە لەسەر سیاسەتە بێ کاریگەرییەکان کە هەڵاوسانی بەرهەمە پرۆتینییەکانی گەیاندووەتە ٦٦% و گوشارێکی زیاد دەکاتە سەر خێزانە کەم داهاتەکان”.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵیی “روکنا” لە ئێراندا ڕایگەیاند: “بەیانیی ئەم ڕۆژانە لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئێراندا وەک یەک بووە؛ دایکەکان لە بەردەم سەلاجەی نیوە خاڵیدا ڕادەوەستن، باوکەکان لە ڕێگەی کڕینی ڕۆژانەدا بەردەوام نرخەکان لەگەڵ مانگی ڕابردوو و تەنانەت هەفتەی ڕابردوودا بەراورد دەکەن و دووکاندارەکانیش پێش هەر سڵاوێک، باسی نرخی نوێ دەکەن. نوێترین ڕاپۆرتی فەرمیی هەڵاوسانی کاڵا خۆراکییەکانیش نیشان دەدات کە ژیانی خەڵک لە ژێر گوشارێکی بێوێنەدایە”.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزى

سەڵاح

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی بادلیان و دێلزیان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ يه‌كگرتووى ئيسلاميى كوردستان ده‌كات

یاسین