zagros news agency

دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستێکی باڵا لە زانکۆی هەولێری پزیشکی کرایەوە

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پۆستى ڕاگرى کۆلێژى زانستە پزیشکییەکان لە زانکۆى هەولێرى پزیشکى ڕاگەیاند و مەرجەکانی پێشکەشکردنی دیاری کرد.

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، لە چوارچێوەى ڕێنماییەکاندا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی ڕاگرى کۆلێژى زانستە پزیشکییەکان لە زانکۆى هەولێرى پزیشکى دەکاتەوە و هەر کەسێک ئارەزووى هەیە و مەرجەکانى تێدایە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا (C.V) و داواکارییەکەى پێشکەش بکات.

 

مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی پۆستەکە:

 

پێشکەشکار دەبێت هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت.

 

نازناوى زانستى لە (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر) کەمتر نەبێت.

 

خزمەتى زانکۆیی لە ١٠ ساڵ کەمتر نەبێت.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو بەڕێزەى داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بۆ بەرەوپێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکەى وەردەگرێت. هەروەها زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى بوارى خوێندن و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنن.

 

پرۆسەی پێشکەشکردن لە ئەمڕۆوە (٢٠٢٥/١٢/١١) دەست پێ دەکات و تا ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٢١) بەردەوام دەبێت.

 

داواکارییەکان دەبێت لە ڕێگەی بەستەری ئەلیکترۆنییەوە پێشکەش بکرێن و پێویستە خوازیار (C.V) و پوختەى ڕاژەی پەسەندکراو و یەکەمین فەرمانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى و لیستى توێژینەوەکان و ناسنامەکەی هاوپێچ بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

دوای ئاهەنگی سەری ساڵ، سەنتەری هەولێر خاوێن كرایەوە

یاسین

سێرڤەری کۆمپانیای سپۆتیفای هاککرا

یاسین

لە یەکەمین یاریدا تۆماس پارتی تووشی کێشە کرا

یاسین