ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەڕێگەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە، ڕێنمایی هەموو دادگاکانی کرد کە کار بکەن لەسەر کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی راگرتن(توقیف) و بەندکردن و پەسەندکردنی بژاردە یاساییە جێگرەوەکان کاتێک ئەوە بکرێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە زیندانەکان و شوێنەکانی راگرتن سەر بە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و داد.
بە گوێرەی نووسراوە فەرمییەکە کە لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە دەرچووە، رێنماییەکە لەسەر بنەمای ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی فەرمی هاتووە کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد و تەندروستی ئەنجامدرا و بە رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، کە ژمارەیەک کۆنتڕۆڵی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان ئەوەیە کە پەنا نەبرێتە بەر راگرتنی داواکراوەکان تەنیا لەو حاڵەتە پێویستییانەی کە یاسا سەپاندوویەتی، لەگەڵ رەچاوکردنی بارودۆخی دۆسیەکە، تاوانەکە و کەسایەتی تۆمەتبار.
هەروەها نووسراوەکە جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ماوەی راگرتن کورت بێت و سنووردار بێت بە پێداویستییەکانی لێکۆڵینەوە و خێراکردن لە ئازادکردنی تۆمەتباران بەکەفالەت کاتێک ئەوە لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراو بێت، بەشێوەیەک لەگەڵ سروشتی تاوانەکە و بارودۆخی تۆمەتبار بگونجێت و دڵنیابوون لە ئامادەبوونی لەبەردەم لایەنە دادوەرییەکان لە کاتی داواکردندا.
رێنماییەکە هەروەها جەختی لەسەر پەسەندکردنی سزای ماددی لەجیاتی بەندکردن یان زیندانیکردن کردووەتەوە کاتێک کە بنەمای یاسایی هەبێت، بەشێوەیەک لادان و رێگری داواکراو بەدی بهێنێت بەبێ پەنابردنە بەر سزای سنووردارکردنی ئازادی، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی دادگا پەیوەندیدارەکان بە کارپێکردن بەم رێنماییانە.
ئەم نووسراوەیە لە چوارچێوەی سیاسەتە دادوەرییەکان دێت کە ئامانجیان بەدیهێنانی هاوسەنگییە لەنێوان جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی مافەکان و چارەسەرکردنی کێشە پراکتیکییەکانی پەیوەست بە قەرەباڵغی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن.

