فیلمی ئەنیمەیشنی “Zootopia 2” سەرکەوتنێکی گەورەی لە بۆکس ئۆفیسی جیهانیدا تۆمارکرد و تەنیا لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، داهاتەکەی گەیشتە ملیارێک و 142 ملیۆن دۆلار.
ئەم فیلمە کە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای دیزنییە، لە 26ـی تشرینی دووەمی رابردووەوە لە سینەماکان نمایش دەکرێت. لەو داهاتە کۆکراوەیە، ٢٦٣ ملیۆن دۆلاری لە نێوخۆی ئەمریکا و 878 ملیۆن دۆلاریشی لە سینەماکانی دیکەی جیهانەوە بووە.
چیرۆکی بەشی دووەمی “زۆتۆپیا” بەردەوامی بە سەرکێشییەکانی “جودی هۆبز” و “نیک وایڵد” دەدات لەناو پۆلیسی شارەکەدا، کە ئەمجارەیان رووبەڕووی پیلانێکی نوێ دەبنەوە دوای دەرکەوتنی مارێکی ژەهراوی بەناوی “گاری”. فیلمەکە لە رووی تەکنیکییەوە پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک زیاتر لە 170کارەکتەری جیاوازی ئاژەڵی تێدا بەکارهاتووە و جەخت لەسەر چەمکەکانی متمانە و قبوڵکردنی جیاوازی دەکاتەوە.
هەردوو ئەکتەر جێنیفر گوودوین و جەیسۆن بایتیمان دەنگی کارەکتەرە سەرەکییەکان دەگێڕن و گۆرانیبێژی ناودار “شاکیرا”ش جارێکی دیکە لەم بەشەدا بەژدارە.

