zagros news agency

خۆپیشاندان لە کەناراوەکانی سووریا برینداربوونی هێزەکانی ئاسایش و خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە

ڕۆژی یەکشەممە، کانوونی یەکەمی ٧، بە سەدان کەس لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگەکانی تارتووس و لازقیە و حومس ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ساز کرد. ئەم خۆپیشاندانانە بە بانگەوازی شێخ غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامی باڵای عەلەوییەکان، ئەنجام دران. خۆپیشاندەران داوای ڕاگرتنی ئەو شەڕ و کۆمەڵکوژییەکانیان دەکرد بەرانبەر پێکهاتەی عەلەوی دەکرێن. هەروەها، داوای دەوڵەتێکی فیدراڵی ناناوەندی و پاراستنێکی نێودەوڵەتییان دەکرد.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەتایبەت بۆ کوردستان ٢٤، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئاسایش بۆ سەر خۆپیشاندانەکانی لازقیە، دوو خۆپیشاندەر بریندار بوون و برینەکانیان قورسە. هەروەها، ئاشکرای کرد، لە هەندێک دیمەندا دیار دەبێت لایەنگرانی حکومەت تەقەیان لە خۆپیشاندەران دەکرد.
وەزارەتی نێوخۆی سووریاش ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایش “لە دوای هێرشی پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد لە لازقیە و جەبلە” بریندار بوون. عەبدولعەزیز ئەحمەد، فەرماندەی ئاسایشی نێوخۆ لە لازقیە، لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی نێوخۆ لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردەوە، گوتی چەکداران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی لازقیەدا دەستیان بە تەقەی هەوایی کردووە. ئەحمەد هەروەها گوتی، هێزەکانی ئاسایش “لە کاتی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی ئەزهەری شاری لازقیە و گۆڕەپانی نەخۆشخانەی نیشتمانی لە جەبلە، چەند توخمێکی دەمامکدار و چەکداری سەر بە گرووپەکانی ناسراو بە سەرایا درعی ساحل و سەرایا جەوادیان بەدی کردووە، کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی تیرۆری مەیدانی و تەقینەوەی بۆمبی کەنار ڕێگا لەسەر ڕێگای گشتی “.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، “هەندێک لە توخمەکانی سەر بە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئاسایش لە لازقیە و جەبلە، لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایش بریندار بوون و چەندین ئۆتۆمبێلی سەر بە یەکە تایبەتەکانی پۆلیس زیانیان پێگەیشتووە و تێک شکێنراون”.
ئەم خۆپیشاندانانە لە دوای تەقینەوەیەک دێت کە دوو ڕۆژ پێشتر لە گەڕەکی ئەلزەهور لە پارێزگای حومس ڕووی دا. لەو تەقینەوەیەدا هەشت هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکە بریندار بوون، کە زۆربەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە عەلەوی بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

پرسه‌نامه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

سەڵاح

پرسه‌نامه‌یه‌ك له‌ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی

سەڵاح

خولە بەهێزەکان.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە

یاسین