لیژنەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی عێراق رایگەیاند کە پڕۆژەیەکی پێشەنگ لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دەستپێدەکەن، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەی (ماڵی ئامۆژگاریکاران – دار الواعظين) رۆڵی هەبووە لە گۆڕینی بیروباوەڕ و دووبارە راهێنانەوەی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی تیرۆر سزادراون.
عەلی عەبدوڵڵا بەدیری، سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاند: “بەشێک لە گفتوگۆکان لەگەڵ پیاوانی ئایینی پەیوەستە بە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کەسانەی لە هەموو کەمپەکانی ئاوارەکانەوە دەگەڕێنەوە، لەوانەش کەمپی هۆل، چونکە ئەم کەسانە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و پێویستیان بە چەندین بەرنامەی گەڕانەوە هەیە.”
هەروەها گوتیشی: “لیژنەی نیشتمانی و سەرجەم لیژنەکانی لە پارێزگاکان، هەماهەنگی لەگەڵ رابیتەی پیاوانی ئایینی دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی توندوتیژ.”
ئاماژەی بەوەش دا: “پڕۆژەیەکی گرنگ هەیە بە ناوی (ماڵی ئامۆژگاریکاران) کە زۆر هاوکاری کردووین لەڕێگەی راهێنانەوەی فیکریی سزادراوانی تیرۆر لەناو زیندانەکاندا.”
بەدیری جەختیشی کردەوە کە “بەرنامەی فراوان و گەورە هەن کە لە نزیكترین کاتدا لە پارێزگاکانی بابل و زیقار جێبەجێ دەکرێن، کە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و سزادراوانی کەیسەکانی تیرۆر و توندڕەویی فیکری دەکاتە ئامانج، ئەم پڕۆژەیەش دەبێتە ئەزموونێکی پێشەنگ لە ناوچەکە و جیهاندا.”

